پارەی كارەبای مۆلیدە کەم دەبێتەوە

بەرپرسێکی مۆلیدە ئەهلییەكان ئاشکرای کرد، بە دوو هۆکار پارەی مانگانەی مۆلیدە لەسەر هاووڵاتییان کەم دەبێتەوە، دەشڵێت: “ئەوەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە.” ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “کارەبای نیشتمانی زیاد بووە، بۆ نموونە لە هەولێر 17بۆ 18 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە و مۆلیدە ئەهلییەكان کەمتر کارەبا دەدەن، ئەوەش وادەکات سەعاتەکانی پێدانی مۆلیدە کەم ببنەوە.” بۆ مانگی دوو هەر ئەمپێرێك کارەبای مۆلیدە لە هەولێر لەنێوان 13 هەزار و 250 دینار بۆ 17 هەزار دینارە بوو، بەگشتیش مۆلیدە 280 کاتژمێر کارەبایان دابوو. قارەمان مەولوود ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا گازوایلیش هەرزان بووە، زیاتر گوتیشی: “پارەی کارەبای مۆلیدە بەهۆی زیادبوونی کارەبای نیشتمانی کەمتر دەبێتەوە و گازوایلیش هەرزانتر بووە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە.” ڕۆژی 26ی 3ی 2023، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئێستا پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەندێ ناوچە سەرووی 19 کاتژمێرە و لە گەرمیان 23 کاتژمێر زیاترە.”