ئەندامێکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، خاڵە ناکۆکییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن چارەسەرکراوە، ئێمەش ئامادەکاریمان بۆ رەوانەکردنی پاکێجی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کردووە. سارە دڵشاد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “لێژنەیەکی 5 کەسی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پێکهێنراوە، خۆم ئەندامی لێژنەکەم لە رۆژی 5/4/2023 تاوهكوو 12/4/2023، دهرگای خۆپاڵاوتن و وەرگرتنی سیڤی بۆ پڕکردنەوەی جێگای دوو ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەکرێتەوە، دواتر ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ سیڤییەکان دەکەین، خودی لایەنەکانیش کە خاوەنی ئەو دوو کورسییەن دەتوانن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رێککەون و کۆمسیارەکانی خۆیان بگۆڕن.” هاوکات ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی؛ تا بابەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیاران یەکلایی نەبێتەوە، ناتوانین کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر یاسای هەڵبژاردن بکەین، دەبێت هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە یەک پاکێج بێنە پەرلەمان. ئاماژهی بهوهش دا، “لیژنەی یاسایی له پهرلهمانی كوردستان، بۆ رەوانەکردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سهربهخۆی باڵای ههلبژاردن و راپرسی ئامادهكاریی کردووە و خاڵە ناکۆکەکانیش لەسەر ههمواری یاسای هەڵبژاردن چارەسەر کراوە و هیچ بەربەستێک لە پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە نەماوە، وەک پێکهاتەکانیش لەگەڵ ئەوەداین لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت.”