ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە بارەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، داوایەك لە عێراق و توركیا دەكات. بەپێی زانیارییەكان كە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رای گەیاندووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لە هەردوو حكوومەتی عێراق و توركیا كردووە، دەست بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا بكەنەوە، بەهۆی ئەوەی راگرتنی دابینكردنی وزەی جیهان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەك نییە. هاوكات هەمان بەرپرس جەختی لەوە كردۆتەوە كە لێژنەیەكی باڵای هەماهەنگیی لە نێوان ئەمریكا و عێراق لە واشنتۆن هەن، بەرپرسانی ئەمریكی لەنێو ئەو لێژنەیەوە بەردەوام داوا لە بەرپرسانی هەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، كشەكانی پەیوەندیدار بە نەوت و بودجە لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكەن. پێشتر ئەمریكا بە فەرمی رای گەیاندبوو، هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانێكی ستراتیژیی خۆیان دەزانن و لەم چوارچێوەیەشدا پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵیدا هەیە.