د.هاوڕێ کەمال: دوای نیو سەدە هەندێ کوردزمان بۆشایى بەعسى و قەومەچییەکانیان پڕ کردووەتەوە

ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت كە بەداخەوە دوای نیو سەدە، وا لە ساڵى 2023 هەندێ خەڵکی کوردزمان، بۆشایى بەعسى و قەومەچییەکانیان پڕ کردووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەكات: ”بۆ لەمەودوا هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان رەهەندێکى یاساییتری وەرگرت.“ د.هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتننامەی رۆژی ٤ی ئەم مانگەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، بۆ لەمەودوا هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان رەهەندێکى یاساییتری وەرگرت، بەڵام بەداخەوەن بۆ ئەوەی کە دوای نیو سەدە، وا لە ساڵى 2023 هەندێ کوردزمان بۆشایى بەعسى و قەومەچییەکانیان پڕ کردووەتەوە. گوتیشی: ”یەکێک لەو دەستەواژانەى بەردەوام جێگەى مشتومڕ و ناکۆکى بوو، ئەوە بوو کە ئایا لە 11ى ئادارى 1970 ئەو خاڵانەى لەنێوان سەرکردایەتیى شۆڕشى ئەیلوول و حکوومەتى عێراقی ئەوكات واژۆ کرا، بەیاننامەیە یان رێککەوتننامەیە؟ زۆر لە نووسەرانى بەعس و قەومەچییەکان ناویان دەنا بەیاننامە! بۆ ئەوەى وا پیشانى جیهان بدەن کە ئەمە ئیمتیازێکە و حکوومەتى عێراق ـ رژێمى بەعس – بە ویستى تاکلایەنەى خۆى بە کوردى بەخشیوە و ئەو حەقیقەتە بشارنەوە کە ئەمە رێکكەوتنە و لە ئەنجامى بەرخۆدان و خەباتى شۆڕشی کوردستان، پاش دانوستاندنی زۆر، دوولایەنە بڕیارى لەسەر دراوە و دەستکەوتێکى مێژووییە بۆ گەلى کورد، کە بە یاسای ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستان لە عێراقدا جێگیر کرا.“ د.هاوڕێ کەمال گوتیشی: ”گەلێ جار بیستوومانە کە مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە، بەڵام نەک بەو سەیروسەمەرەییەش، ئەوەتا دوای نیو سەدە وا لە ساڵى 2023 هەندێ کوردزمان بۆشایى نووسەرانی بەعسى و قەومەچییەکانی جارانیان پڕ کردووەتەوە و ئەم دەستکەوتە مێژوویى و گرنگەى حکوومەتی هەرێمى کوردستان بە شکست! دەناسێنن و لەبرى دەستەواژەى رێککەوتن، دەستەواژەى خۆبەدەستان! بەکار دەهێنن، ئەمە لەکاتێکدایە، وێنە و ڤیدیۆکان دەبینن کە هەردوولا بە پرۆتۆکۆلی تایبەت واژۆى رێکكەوتنەکە دەکەن، هەڵبەتە ئەمانەى باسم کردن بابەتى مێژوویى و زۆر روونى ئێستاى بەردەستى خوێنەر و بینەر بوون، بەڵام ئەوەى کە زۆر كەس بەهۆى چەواشەکاریى هەندێک لە میدیاکانەوە ئاگادار نین ئەوەیە، كە بیانووى حکوومەتى عێراق و سیاسییەکانیان و دادگای فیدڕاڵی بۆ نەناردنى بودجەى هەرێمى کوردستان لە لایەن حکوومەتى عێراقی فیدڕاڵەوە ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان نەوت دەفرۆشێت، بۆیە دەبێت خەرجییەکانى بە پارەى ئەو نەوتە پڕ بکاتەوە، کەواتە لە رووى یاساییەوە، ئەگەر هات و هەناردەکردنى نەوتى هەرێمی کوردستان وەستا، ئەوە پێویستە حکوومەتى فیدراڵى ئەو بەشە بودجەیە دابین بکات، چونکە نەوت هەناردە ناکرێت و ئەو بیانووەیان نامێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆى کورتهێنانێکى زۆر گەورە لە بودجەى عێراق، بەڵام بەپێچەوانەوە داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان بەشێکى زۆرى ئەو کورتهێنانەیان بۆ پڕ دەکاتەوە.“ ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیش دەكاتەوە: ”بۆیە بۆ قازانجى هەردوولا و بە (رێککەوتن و ویستى هەردوولا) باشتر وایە نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە بکرێت و ئەو قورساییە لەسەر حکوومەتى فیدڕاڵى سووکتر بێتەوە و هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستانیش رەهەندێکى یاساییتر وەربگرێت، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى نەوتى کەرکووک، کە داهاتەکەى بۆ حکوومەتى فیدڕاڵییە، هەر لە رێى بۆڕییەکانى هەرێمى کوردستانەوە هەناردە دەکرێت و پەیوەستە بە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، لەبەرئەوە، پاش دەرخستنی ئەم هەموو راستیە و روونکردنەوەی ئەوەی کە لەم پرۆسەیەدا هەردوو لا سوودمەندن و هەرێمی کوردستان بەر لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق سوودمەند دەبێت، گرنگە ئیتر ئەوەی نەیزانیوە بزانێت کە ئەوەی کرا رێککەوتنە نەک خۆبەدەستەوەدان! وەک جێگرەوەکانی نووسەرانی بەعسی و قەومەچییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن.”