کەشناسێک: شەپۆلی بارانبارینی ئەمجارە لە سێ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە

شارەزایەکی بواری کەشناسی زانیاریی نوێ لەبارەی شەپۆلی ئەمجارەی بارانبارین دەخاتە روو، ئاماژە بەوە دەکات کە شەپۆلی ئەمجارە بە رادەیەک بەهێزە لە سێ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە. ئەمشەو شەممە 8/4/2023، شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: “لە ئەمرۆ و ڕۆژانی داهاتوو تا ناوەڕاستی هەفتە بەهۆی هاتنی بڕێک هەور ئاسمانی ناوچەکان بەگشتی لەنێوان نیمچە هەوری و هەوری دەبێت جۆری هەورەکان زیاتر لەهەوری بەرز دەبن و لەهەندێ شوێن ئەگەری نمە باران و بارانی کەم کراوەیە لەزۆربەی ناوچەکانیش کەش سەقامگیر دەبێت پلەکانی گەرما لەڕۆژانی داهاتودا 1 تا 3 بەرزدەبێتەوە خێرایی با ئاسایی بۆ مام ناوەند دەبێت”. ئەوەشی خستووەتە روو: “لە ڕۆژی سێشەممە بەولاوە بەزۆری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارینەوە بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی بەرفراوانی دەریای ناوەڕاست و هاتنی تۆپەڵە هەوایەکی شێداری خولگەیی و هێنانی بڕێک شێی دەریای سوور لهگەڵ خۆیدا و کارتێکردنی لەسەر دۆخەکە پێشبینی دەکەین لەڕۆژی سێشەممەوە کە دەکاتە 11ی4 ‌سەرەتا شەپۆلی بارانبارین لە ناوچەکانی باکوورو خۆرئاواوە دەستپێبکات بە تێپەڕبوونی کات و بە تایبەت شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە”. ئاماژەشی بەوەداوە: “ڕۆژانی 12 و 13ی مانگ شەپۆلەکە قوڵ دەبێتەوە و دەگاتە لوتکەی بەهێزی و چڕ بوونەوە، هاوکات پێشبینی بڕی باران بۆ ناوچەکان لە 60 ملمەوە تا سەرووی 200 ملم دەکەین لەگەڵ ڕوودانی هەورە بروسکەی بەهێز و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و ڕوودانی لافاوی کتوپڕ لەسەرجەم ئەو ناوچانەی نزمن و مەترسی لافاویان لێدەکرێت، خێرایی با لەمەودای شەپۆلەکەدا زیاد دەکات تایبەت کاتی تاوە بارانەکان و لەگەڵ بارینی تەرزه بەسەرناوچە و شوێنی جیاواز، بەهۆی تێکەڵبوونی بارستە هەوایەکی سارد بەشەپۆلەکە پلەکانی گەرما 6 تا 8 دادەبەزێت لەمەودای شەپۆلەکەدا لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییە کوێستانە بەرزەکان ڕۆژی 14ی مانگیش کە دەکاتە هەینی بەهۆی پاشماوەی شەپۆل و هەوری ناوخۆیی لەناوچەی جیا جیا ئەگەری تاوە باران هەیە”. شاڵاو هیدایەت راشیگەیاندووە: “گەر گۆڕانکاری ئەوتۆ ڕوونەدات شەپۆلی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بەهێزی وا دەبێت کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، هەروەها شەپۆلەکانی دابارین لەم مانگە و مانگی داهاتوو بەردەوامیان دەبێت”.