موحەڕەم ئینجە: هەڵبژاردن بكەوێتە گەڕی دووەم ئەردۆغان دەیباتەوە

موحەڕەم ئینجە، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، پێی وایە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا بكەوێتە گەڕی دووەم و كەمال كلیچدارئۆغڵو و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بمێننەوە، بەداخەوە ئەردۆغان دەیباتەوە. ئینجە لە وتارێكیدا لە بۆڵوو دەڵێت: ”هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكەوێتە گەڕی دووەم، ئەگەر بێت و من و ئەردۆغان بكەوینە گەڕی دووەم، بە جیاوازیی 65%ی دەنگەكان لە ئەردۆغان دەبمەوە، بەڵام گەر ئەردۆغان و كلیچدارئۆغڵو، بكەونە گەڕی دووەم، بەداخەوە ئەردۆغان دەیباتەوە.” ئینجە سەرزەنشتی جەهەپەی كرد و ئاماژەی دا، ئەگەر سەیری لیستی بەربژێرانی جەهەپە بكەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی، زۆر نیگەران دەبن و ئەوكات ماف بە من دەدەن، كە بۆچی لە جەهەپە جیا بوومەوە. ئەو داكۆكی لەوە دەكات کە دەبێت ئەم دەسەڵاتەی ئێستای توركیا نەمێنێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنیشی پێ باش نییە و دەڵێت كەموكوڕی زۆرە و لە ئێستاوە كێشەكانیان دەستی پێ كردووە. ئەو دەڵێت: ”وەكوو چۆن لەگەڵ ئەوەدام ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بڕوات و نەمێنێت، بە هەمان شێوە دەبێت ئۆپۆزسیۆنیش نەمێنێت، ئەوكات دەسەڵات نامێنێت، چونكە ئۆپۆزسیۆنی توركیا خراپە و بەو هەموو كێشەیەوە ناتوانێت سەركەوتوو بێت.”