پیاز ڕەمزی هەڵبژاردنی ئەم جارەی توركیایە

لە هەڵبژاردنەكاندا هەمیشە شتێك دەكەنە ڕەمز و پڕۆپاگەندەی بۆ دەكەن، لە توركیاش بەردەوام پارتە سیاسییەكان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ كاریان لەسەر بابەتێك كردووە كە هاووڵاتی دەستی پێی ناگات، بۆ ئەم جارەیان پیاز بووەتە ڕەمزی هەڵبژاردن لەلای ئۆپۆزسیۆن. نرخی پیاز لە توركیا ژمارەی پێوانەیی شكاندووە لە گرانی و، یەك كیلۆ پیاز بووەتە 30 لیرەی توركی، ئەمەش وای كردووە هاووڵاتیان ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن و تووڕەیی خۆیان لە گرانبوونی نرخی پیاز دەرببڕن. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، نرخی پیاز بە هەمان شێوە گران بوو، بۆیە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە هەموو شارەكاندا سەنتەرێكی دەمەزراند و پیازی بە نرخی هەرزان دەفرۆشتە هاووڵاتیان و نەیهێشت پیاز ببێتە كەرەستەیەك بە دەستی ئۆپۆزسیۆن و لە پڕۆپاگەندەدا دژی ئەو بەكاری بهێنن. فاتیح پۆڵات، ڕۆژنامەنووسی دیاری توركیا، پێی وایە ئەم جارەیان پیاز دەبێتە ڕەمزی هەڵبژاردن و پارتە سیاسییەكانی توركیا لە پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردندا بەكاری دەهێنن، چونكە نرخەكەی بە جۆرێك گرانە، هاووڵاتیی نیگەران كردووە. پارتە سیاسییەكان، لە هەموو هەڵبژاردنێكدا بابەتێك دەدۆزنەوە و دژی یەكتری بەكاری دەهێنن، بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن. چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا، كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكات و بزانێت، وێنەیەكی گرتووە و بەرماڵی لەژێر پێدایە، ئەمەش بۆ ئەردۆغان و ئاكەپە، دیارییەكی گرنگ بوو تا لەم هەڵبژاردنەدا دژی كلیچدارئۆغڵو بەكاری بهێنن. ئەردۆغان، لە یەكەم میتینگیدا گوتی: ”ئەوانە ناتوانن ببنە سەركۆماری توركیا، لە 14ی مایس، پێیان نیشان دەدەین قیبلە لە كوێیە.” ڕەنگە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، پیاز و گۆشت بکەنە ڕەمزی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن و دژی ئەردۆغان بەكاری بهێنن، دووریش نییە گرانبوونی نرخی پیاز، ئەردۆغان لەسەر كورسیی سەرۆكایەتی بهێنێتە خوارەوە، نابێت بیرمان بچێت، یەكێك لەو هۆكارانەی كە ئەگەرێكی زۆرە ئاكەپە و ئەردۆغان دووچاری شكست بكاتەوە، ئەو قەیرانە داراییە سەختەیە كە دووچاری توركیا بووەتە و نرخی هەمو شتێك بەرز بووەتەوە و هاووڵاتیش هاواری لێ هەستاوە.