لەبارەی مینەوە یونیسێف هاریكاری هەرێمی كوردستان دەكات

لە ڕۆژی جیهانی هۆشیاری مین و یارمەتییەكانی مین، یونیسێف نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی كە منداڵان هێشتا لاوازن بەرامبەر مەترسییەكانی چەكی تەقەمەنی لە عێراق، تەنها لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی 2023 دا، 16 منداڵ بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە زیانیان بەركەوتووە (چواریان كوژراون و 12 منداڵ ئیفلیجكراون) لە حەوت ڕووداودا، كە نزیكەی لە سەدا 80 ی قوربانییەكان كوڕ بوون. لە ڕاگەیەنراوێكی رێكخراوی یونیسێفدا بڵاویکردووەتەوە: “ئەم ڕەوتە ئاماژەیە بە بەردەوامبوونێكی كارەساتبار لە ساڵی 2022دا، كاتێك كەرەستە تەقەمەنییەكان كوشتنی 38 منداڵ و كەمئەندامبوونی 47 منداڵی لێكەوتەوە، سەرەڕای هەوڵەكانی داكۆكیكردنی یونیسێف لە ساڵی ڕابردوودا بۆ كۆتاییهێنان بەم كارانە، لە ڕێگەی پشتیوانیكردن لە جاڕنامەی سیاسی بەهێزكردنی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە لێكەوتە مرۆییەكان كە سەرچاوە دەگرن لە بەكارهێنانی كەرەستە تەقەمەنییەكان لە ناوچە پڕ لە دانیشتووەكاندا، ژمارەكانی عێراق ئاماژە بەوە دەدەن كە چۆن ململانێكان دوای چەندین ساڵ لە كۆتاییهاتنیان كاریگەری بەردەوامییان هەیە لەسەر منداڵان”. هەروەها شیما سێن گوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق و هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە: “ئەم ژمارانە مایەی نیگەرانییەكی زۆرن، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئیرادە و هەوڵەكانی حكومەتی عێراق و هاوبەشەكانی بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی منداڵان لە كەرەستەی تەقەمەنی. و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكان كاری زیاتر بكەن بۆ هێنانەئارای عێراقێكی خاڵی لە كەرەستەی تەقەمەنی، ئێستا ناكرێت هۆشیاری تایبەت بە مەترسی پەیوەست بە كردارەكانی مین و كەرەستەی تەقەمەنییەكانەوە دوابخرێت.” هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە كە یونیسێف بەردەوامە لە كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكانی، لەوانە بەرێوەبەرایەتی كاروباری مین لەناو حكومەتی عێراق و دەزگای گشتی كاروباری مین لە كوردستانی عێراق بۆ هۆشیاركردنەوە و زیادكردنی سەلامەتی بۆ منداڵان و خێزانەكانیان و كۆمەڵگاكان لەو ناوچانەی كە دووچاری زۆرترین كاریگەری بوونە بەم كەرەستانە. تەنها ساڵی ڕابردوو، توانرا هۆشیاری لەبارەی مەترسی كەرەستە تەقەمەنییەكان بۆ 28.031 منداڵ و 8303 گه نج گه یشتوون دەستەبەر بكرێت. بە چاوپۆشین لەوەی لە كوێدا بەكار دەهێنرێت، ئەوا كەرەستە تەقەمەنییەكان هەڕەشن لەسەر مافە هەرە بنەڕەتییەكانی منداڵان، یونیسێف و ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مین داوا لە حكوومەتەكان دەكات خۆیان بە دوور بگرن لە بەكارهێنانی كەرەستە تەقەمەنییەكان لەو ناوچانەی خەڵكیان تێدا نیشتەجێیە، و راشكاوانە قسە بكەن بۆ پاراستنی منداڵان لە ناكۆكییەكان لەسەرتاسەری جیهاندا.