پارێزگاری هەولێر هۆشداری بەو شوێنانە دەدات كە خۆراك و شتومەك گران دەكەن

پارێزگاری هەولێر لە كۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی چاودێریکردنی بازاڕ جەخت دەكاتەوە بەبێ چاوپۆشیکردن، توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکه‌ن کە نرخی خۆراک و پێداویستی و شتومەک لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن. دەشڵێت: بازرگان و خاوەنی کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەشێوەیەکی خێرا نرخی کەلوپەل و پیداویستی لە سەر هاووڵاتییان گران دەکەن، بەهەمانشێوە دەبێت لەگەڵ دابەزینی نرخی دۆلاریش هەمان کاربکرێت و نرخەکان دابەزین بەخۆیانەوە ببین.” بەپێی راگەیاندراوێكی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 11ی4ی 2023،بەسەرپەرشتی ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و عەقید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لێژنەی هاوبەشی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر، سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لە یارکردن بە نرخ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان ئەنجامدرا. ئاماژە بەوە كراوە: “لەسەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕای ئەوەی دەستخۆشی لە لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەتی ناوەند و لیژنە هاوبەشەکانی تری قائیمقامیەتەکانی سنووری پارێزگای هەولیر کرد لە جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان، تیشکی خستەسەر ئەوەی وەک چۆن بازرگان و خاوەنی کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەشێوەیەکی خێرا نرخی کەلوپەل و پیداویستی لە سەر هاوڵاتییان گران دەکەن، بەهەمانشێوە دەبێت لەگەڵ دابەزینی نرخی دۆلاریش هەمان کاربکرێت و نرخەکان دابەزین بەخۆیانەوە ببین.” ئەوەش ئاشكرا كراوە كە ئومێد خۆشناو لیژنەكەی ڕاسپارد لە هەڵمەتی چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بەردەوام بن و توندترین ئیجرائاتیش لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن و ڕایگەیاند: “ڕێگە بە هیچ کەس نەدەن بەهەر بڕ و بیانوێک بێت نرخ لەسەر هاوڵاتییان گران بکات، بەتایبەتی کە ئێستا لە بەرەبەری جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزداین و هەندێک کەس بە قۆزتنەوەی ئەوکاتە نرخی کەل و پەل و شتومەک لە سەر هاوڵاتیان زیاد دەکەن، بۆیە بەبێ چاوپۆشیکردن لە کەس دەبێت توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت”. لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای ئەوەی گفتوگۆ لە بارەی ڕەوشی بازاڕ و نرخ و جۆرەکانی خۆراك و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی گشتیی كرا، پارێزگاری هەولێر، جەختی لە چڕترکردنەوەی هەڵمەتی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە لە پشکنین شوێنە بازرگانی و کۆگاکانی دەرمان و دەستبەسەرداگرتنی خۆراک و ده‌رمانی خراپ و ماوە بەسەرچوو. لە کۆتایشدا، لە بارەی کرانەوەی خواردنگە و چێشتخانەکان لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پارێزگار بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە دەبیت لە رۆژانەی جەژن میکانزمێکی پێویست دابڕێژن بۆ کرانەوەی خواردنگە و چێشتخانەکان.