ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی 4ی 2023، لە شاری خورماتوو، بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆوە گەنجێك كە قوتابیی قۆناغی چواری زانكۆیە گیانی لەدەست دا. لەم بارەیەوە، عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لە نزیك خواردنگەی حاجی لە شاری خورماتوو، ئۆتۆمبێلێك لە ماتۆڕسكیلێكی دا و بەهۆی ئەو ڕووداوەوە شۆفێری ماتۆڕسكیلەكە گیانی لەدەست دا. هەر لەم بارەیەوە، حوسێن یووسف، بەڕێوەبەری نووسینگەی قایمقامی خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لەو ڕووداوەی ئەمڕۆی خورماتوودا ئۆتۆمبێل لەو گەنجەی داوە کە لەسەر ماتۆڕسكیل بووە و سەری بەر شۆستەی شەقامەكە كەوتووە و پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە. ئاشكرایشی كرد: گەنجەكە ناوی عەلی ئەحمەد سلێمان، كوڕی قورئانخوێنی ناسراوی ناوچەكە، ئەحمەد سلێمانە. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، گەنجەكە قوتابیی قۆناغی چواری كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی و لەدایكبووی 13ی 4ی 1999 بوو کە هەر لە ڕۆژی لەدایكبوونەكەیدا گیانی لەدەست دا.