35 ساڵ به‌سه‌ر شاڵاوی ئه‌نفالدا تێده‌په‌ڕێ

 ئه‌مڕۆ 35 ساڵ به‌سه‌ر شاڵاوی به‌دناوی ئه‌نفالدا، تێده‌په‌ڕێ، کە یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان، ڕژێمی بەعسی عێراق، بە چەند قۆناغێكی جیا، بە هەزاران خەڵكی سیڤل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی ڕاپێچ كرد و لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندەبەچاڵی كردن و بەشێكی زۆریان تا ئێستاش بێسەر و شوێنن و چارەنووسیان نادیارە. پڕۆسه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ده‌ستی پێ كرد و له‌ ساڵی 1988 تا  كۆتایی ساڵی 1989 به‌رده‌وام بوو، تێیدا سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ خه‌ڵكی بێتاوانی كوردستان كوژران و ده‌ربه‌ده‌ر كران و زیانی زۆر گه‌وره‌ له‌ژێرخان و بنتیانی گوند و ناوچه‌كانی كوردستان درا و كۆمه‌ڵگه‌ی زۆره‌ملێ و ناچاری بۆ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان دروست كرا. وێڕای گه‌وره‌یی ئه‌و كاره‌سات و دڕنده‌یی ئه‌و تاوانه‌ و تێپه‌ڕبوونی 35 ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساته‌كه‌ و 20 ساڵیش به‌سه‌ر ڕووخانی رژێمی به‌عس، حكوومه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوان و كه‌سوكاری قوربانیانی نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و برینی ئه‌و تاوانه‌ هێشتا ساڕێژ نه‌بووه‌.