مەسرور بارزانی: هەرگیز هاوبەشی خاكفرۆش و گەندەڵ و تیرۆریستان نابین

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ کاسبکارانی بازاڕی هەولێر و بەربانگكردنەوەدا، لە وتەیەكی كورتدا دووپاتی كردەوە كە بەردەوام دەبن لە خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوانەدا هاوبەش و هاوكار نابن كە خاكفرۆش و گەندەڵ و كاری تیرۆریستی دەكەن، هەرگیز هاوكاری ئەوانە نابن كە خەڵك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دێنن. ئەمەی خوارەوە دەقی وتەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كە لەمیانەی مەراسیمی بەربانگەكەدا پێشكەشی كرد. بەناوی خوای گەورە میهرەبانبەڕێزان.. ئامادەبووانی هێژا… هەمووتان زۆر زۆر بەخێربێن زۆر بەخێربێن بۆ ئەم ئێوارەیە بۆ بەربانگكردنەوە، بۆ من زۆر جێگەی شانازییە كە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست بم ئەمڕۆ بەیەكەوە بەربانگ بكەینەوە دوای چەند خولەكێكی دیكە، پێش ئەوە دەمویست بە ناوی هەمووتانەوە جارێكی دیكە سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین كە لەسایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەوان ئێمە دەتوانین لە وەها بە ئارامی لە كوردستاندا بژین و لە شوێنێكی وەكوو ئێرە بەیەكەوە كۆببینەوە، سەری رێز و نوازش بۆ هەموو شەهید و بنەماڵە سەربەرزەكانیان دادەنوێنین و ئێمە قەرزاری ئەوانین. دەمەوێ باسی ئەوە بكەم كە ئێمە لەو ماوەیە هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی، ئەوەی پێمان بكرێ لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بین، بێگومان ناحەزەكانی ئێمەش هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین لە خزمەتی ئێوەدا بین و بە ئامانجەكانمان بگەین، ئەوەی جێگەی شانازییە، لە خوا بەزیاد بێ كوردستان شوێنێكی ئارام و سەقامگیرە، نەك تەنیا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان بەڵكوو بۆ خەڵكی دیكەش لە شوێنی ناوچەكانی دیكەی عێراق هەرێمی كوردستان، جێگەی دەستخۆشیە كە دەبینین كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاكانە، ئەمە شتێكە كە جێگەی شانازییە و حەقە خۆشتان شانازیی بە خۆتان بكەن كە لەوەی توانیوتانە كە بەشێكبن لەوەی كە كوردستان ببێتە شوێنێك كە خەڵك رووی تێبكات. لە رووی سیاسییەوە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین كە سەقامگیری سیاسی لە كوردستان و لە عێراقیش بەرقەرار بێ، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەكڕیزی هەموو هێزێكی نیشتیمانپەروەر دەكەین كە بڕوای بە ئامانجی پاراستنی هەرێمی كوردستان بێت بڕوایان بە خزمەتگوزاری هاوولاتیانی هەرێمی كوردستان بێت و بڕوایان بە ئەوە بێ كە ئێمە بتوانین بەیەكەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەكان بكەین و بڕوایان بەوە بێت كە رووبەرووی گەندەڵی بوەستینەوە، بڕوایان بە وڵاتپارێزی بێ، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەكڕیزین بەڵام هیچ كات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاكفرۆشی و گەندەڵی و تیرۆر و تۆقاندن و سەرانەسەندن یان لە ئەوەی كە خەڵك لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكار بهێنین، ئیمە گوتومانە كە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دەبین، خوا یارمەتیمان بدا بەردەوام دەبین لەوەی خزمەتی ئێوە بكەین. لە ڕووی ئابوورییەوە لە خوا بەزیاد بێ رۆژ بە رۆژ ئومێدمان زیاترە كە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی رووناكتر هەنگاو دەنێ، ئێمە هەرێمێكی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێ، لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی كە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، ئێستا گەیشتووینەتە دواقۆناغی ئەو رێككەوتنەی كە ماوەیەك پێش ئێستا لەگەل عێراق واژوومان كردووە، هیوادارم ئەمە یارمەتیدەرێكی زۆر بێ، بۆ ئەوەی یارمەتی ئێوەش بدات لە رووی ئابوورییەوە چونكە دەزانم زۆربەی كاریگەرییەكانی ئابووری لەسەر شانی ئێوەیە، چ كاسبكار یان كرێكار، یان پیشەوەر بن، بۆیەش ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین كە دۆخی ئابووری لە هەرێمی كوردستان باشتر بێت، زۆر ژێرخان هەبووە كە زۆر دەزگا هەبووە بوونیان نەبووە ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە دروستیان بكەین، كاریگەی ئەو دامەزراوانە رەنگە ئێستا دەرنەكەوێ بەڵام دوای ماوەیەكی دیكە كاریگەرییەكانی ئەم هەوڵانەش بەدەردەكەون، ئێمە بڕوامان زۆرە كە بتوانین كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر و رووناكتر هەنگاو بنێ، هەموو هەوڵ و تەقەڵای ئێمە ئەوەیە كە ئێوە ژیانێكی خۆشتر و خۆشگوزەرانەترتان هەبێ، ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە ئێوە بتوانن ژیانێكی باشتر و ئاسوودەترتان هەبێ.