لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی یاسای دەستوریی، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك چەند نموونەیەك لە داگیركردنی بینای قوتابخانە و پەیمانگە و باڵەخانە حكوومییەكانی شاری سلێمانی دەخاتە روو و دەڵێ”لە جیاتی دابین کردنی زەوی بۆ پەروەردە ئەوانەی خۆیشی زەوت دەکەن.” لەتیف شیخ مستەفا نووسیویەتی “تەنيا لە ناو شاری سلێمانی لەساڵی ١٩٩٦ەوە بینای پەیمانگای مامۆستایانی کچانیان داگیر کردووە و کردوویانە بە مەکتەب سیاسی (بەعسی فاشی دروستی کردبوو)قوتابخانەی فریشتەی کچان کە دەیەھا ساڵ بوو دروست کرابوو لە ناوجەرگەی شار دەستی بەسەردا گیراو درا بە کۆمپانیایەکی خۆیان تاوەر و ھۆتێلی لەسەر دروست کرد بۆ پەیدا کردنی پارە (بەعسی فاشی دروستی کردبوو) قوتابخانەکەی دوای ئەویشیان داگیرکردووە و خەریکە دەکرێت بە باڵەخانە(وابزانم دیکتاتۆر عەبدولکەریم قاسم دروستی کردبوو).” ناوبراو ئاماژەی بە ئەوەش داوە كە دەسەڵاتدارانی سلێمانی ئێستاش بە نیازی داگیرکردنی ١٨٢ دۆنمی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆن بۆ ئەوەی بیکەن بە شوقە و بە پارەی زۆر بیفرۆشن، دەشڵێ: “ئاخر کەی و چۆن و بە چ یاسایەک موڵكی گشتی بۆ قازانجی تایبەت و کۆمپانیای تایبەت داگیر دەکرێ.” لەتیف شێخ مستەفا راشی گەیاندووە : “ماوەی ٢٠ ساڵیش بینای چالاکی قوتابخانەکانیان داگیرکردبوو کردبوویان بە بارەگای مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکانیان، هەروەها بینای بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی کۆن و بیناکەی تەنیشتی بەرامبەر مزگەوتی گەورە داگیرکراو کرا بە مۆڵ.” لە كۆتاییدا نووسیویەتی “ئەوە ھەر بەسەر پێیي ئەوەندەم لە بیرە، لە قەزا و ناحیەکانیش دڵنیام نمونەی زۆر ھەن، باسی پەرلەمان و شت ناکەین بەڵام ئەرێ ئەی ئەو ھەموو رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و سەندیکای مامۆستایان و قوتابیان کە ئیدیعای بەرگریکردن لە پەروەردە و خوێندن دەکەن لەکوێن؟.”