لە شاری هەڵەبجە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەوە، لە ماوەی مانگێكدا 40 منداڵ لە نەخۆشخانە خەوێندراون و تا ئێستاش 22 لەو منداڵانە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە. د.زانا باقی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “نەخۆشیی هەوكردنی پەردەكانی مێشكی منداڵ، هەرچەندە پێشتریش هەبووە، بەڵام ماوەیەكە لە شاری هەڵەبجە بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، لە ماوەی مانگێكدا زیاتر لە 40 حالەتمان تۆمار كردووە و ئێستاش 22 نەخۆش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە لە ناو قاوشی نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە خەوێندراون”. هەروەها روونیشی كردەوە: “ئەم نەخۆشییە كە پێی دەگوترێت نەخۆشیی هەوكردنی پەردەكانی مێشكی منداڵ، بەهۆی میكرۆبەوەیە، ئەویش دەگونجێ بەكتریا یاخود ڤایرۆس بێت یان مشەخۆر، ئەوەی لای ئێمەیە زیاتر بەكتریایە یاخود ڤایرۆسە، بەڵام لە ڕاستیدا تا ئێستە هۆكاری نەخۆشییەكەمان دیاری نەكردووە، چونكە توانای تاقیگەییمان لاوازە”. بە گوتەی ئەو پزیشكەی هەڵەبجە، نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە بریتیین لە تا، سەرئێشەیەكی بێزاركەر و ڕشانەوە، هێڵنجدان، كەمبوونەوەی چالاكی و ڕقبوونەوە لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاو، گریانێكی نائاسایی لە منداڵدا و كەمبوونەوەی توانای شیرخواردن لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جار ڕوودانی گەشگە و هەندێك جاریش دەركەوتنی هەندێك پەڵە لەسەر پێستی لێ دەكەوێتەوە.