وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، فۆڕمی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان دەكاتە کارتی ئەلیكترۆنی. بەرپرسێكی پسوولەی خۆراكیش دەڵێت: ”هاووڵاتی دەتوانێ هەموو کارێکی پەیوەست بە پسوولەی خۆراک لە رێگەی مۆبایلەكەیەوە ئەنجام بدات.“ سیامەند نانەكەلی، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پسوولەی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان دەكرێتە ئەلیكترۆنی، یەکێک لە سوودەکانی گۆڕینی پسوولەكە بۆ کارتی زیرەکی ئەلیکتڕۆنی ئەوەیە، كە لە ڕێی بەرنامەیەکەوە لە مۆبایلەوە دەتوانرێ گواستنەوە و زیادکردنی منداڵ و گواستنەوەی هاوسەر و هەموو گۆڕانکارییەکان بکرێت.” زیاتر گوتیشی: “وەزارەتی بازرگانی بەرنامەیەک تایبەت بە خۆیان دروست دەکات و بەرنامەکە بڵاو دەکاتەوە، ئەو بەرنامەیە لە موبایلەکەت لەلای خۆت دەبێت، بەرنامەیەکیش لەلای بریکار، لە ڕێگای ئەو کارتەوە دەچیتە ناو بەرنامەکە و هەر کات خۆراک هات لەو بەرنامەیەوە ئاگادارییت بۆ دێت، هاووڵاتی هیچ ماددەیەکی خۆراکی نافەوتێت و بەدرێژایی ساڵ دەزانێ چی وەرگرتووە، ئەمە جگە لەوەی ناوی وەهمی لە بەشە خۆراکدا نامێنێت.” بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر روونكردنەوەی زیاتری دا و گوتی: “دەبێ هاووڵاتی ئەپلیکەیشنی تایبەت بە پسوولەی خۆراک لە مۆبایلەکەی دابەزێنێ، بەمەش دەتوانێ هەموو کارێکی پەیوەست بە پسوولەی خۆراک ئەنجام بدات.” سیامەند نانەكەلی، ئاماژەی بەوەش دا: “دەستپێكردنی ئەو بەرنامەیە لە هەولێر نزیك بووەتەوە.” ئەم بەرنامە پەیوەست دەکرێ بە هەموو دامەزراوەکانی حکوومەت، ئێستا لە شاری نەجەف 95%ی جێبەجێ کراوە و لە پارێزگای دهۆکیش دەستی پێکردووە. پێشتر ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاندبوو: “دەبێت گۆڕینی پسوولەی خۆراكی كاغەزیی بۆ ئەلیكترۆنی لە ماوەی شەش مانگدا كۆتایی بێت و بۆ گۆڕینی پسوولەكە بۆ كارت، پارە لەسەر هاووڵاتییان ناكەوێت.” ئاماژەی بەوەش داوە: “كارتی ئەلیكترۆنیی بەشەخۆراك چەند تایبەتمەندییەكی گرنگی هەیە و پێویستی بە سەردانی فەرمانگەكان نییە، هەروەها پڕۆسەی گواستنەوە و زیادكردنی منداڵ لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنی ئەلیكترۆنی دەبێت و كارتەكە بۆ هەمیشەییە و پێویستی بە گۆڕین نییە.” نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بۆ بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، بەهاوکاریی بەرنامەی خۆراکی جیهانی و وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی فیدراڵ، دەست بە كاركردن كراوە و پێشتریش پلانی كارەكە بەوردی داڕێشتراوە.” نەوزاد شێخ كامیل، دەشڵێت: “پڕۆژەی بەدیجیتاڵكردنی کارتی بەشەخۆراک یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی، کە بەهۆیەوە وەزارەتی بازرگانی هەوڵ دەدات لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی لە کاری کاغەزەوە بگوازرێتەوە بۆ کاری ئەلیکترۆنی، ئەمەش هەموو ڕێکارەکانی پەیوەست بە کارتی بەشەخۆراکی ئاسانتر دەکات.” وەزارەتی بازرگانیی عێراق 27ی ئهیلوولی 2022، دەستپێکردنی دابەشکردنی فۆرمی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی بەسەر دانیشتووانی گەڕەکێكی پارێزگای نەجەف ڕاگەیاند. ئەو كارتە ئەلیكترۆنییە، لە زۆر لە فەرمانگەکانی حکوومەت دەتواندرێت پشتی پێ ببەسترێت و دەشتواندرێت لەدایكبووی تازەی بۆ زیاد بكرێت و ناوی كەسی مردووش بسڕدرێتەوە. وەزارەتی بازرگانیی عێراق جەخت دەكاتەوە: “ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێکی نوێیە بۆ بەرزکردنەوەی سیستەمی پسوولەی بەشەخۆراک، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا بگونجێت و ڕێگریی لە حاڵەتەکانی دەستکاریکردن بكات.”