ئەو كەسەی لە توركیاوە بە نووسین و لێدوانەكانی پشتگیریی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی دەكرد، ئەگەری زۆرە سەرۆکایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی توركیا بگرێتە دەست. حەسەن جەمال، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا كە بە دۆستی كورد و سەرۆك بارزانی ناوی دەهێنرێت، لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز كە هەدەپە لەژێر ناوی ئەو پارتە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە بەربژێرە و ئەگەری زۆرە ببێتە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا. بەگوێرەی لیستی ناوی هەموو بەربژێرەكانی پارتە سیاسییەكانی توركیا، حەسەن جەمال، بەتەمەنترین بەربژێرە، بۆیە ئەگەر ببێتە پەرلەمانتار سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكات، چونگە بەگوێرەی دەستووری توركیا، كاتێك خولی تازەی پەرلەمان دەكرێتەوە، دەبێت بەتەمەنترین پەرلەمانتار ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆ و سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات، بۆیە حەسەن جەمال بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبێتە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا. ئەو ڕۆژنامەنووسە دوو جار دیمانەی ڕۆژنامەوانیی لەگەڵ سەرۆک بارزانی كردووە، جاری یەكەم دوای ڕاپەڕین بوو، جاری دووەمیش ئەو كاتە بوو كە كوردستان ئاوەدان كرابووەوە و شەڕی ناوخۆش دەمێك بوو كۆتایی هاتبوو. لە نووسینێكیدا كە لە سەروبەندی ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نووسیبووی، باسی لەو ساتە كردووە كە بۆ یەكەم جار بووە لەگەڵ سەرۆک بارزانی دیمانەی ڕۆژنامەوانیی کردووە و دەڵێت، ئەوكات بارزانی كەیفخۆش نەبوو، چونكە كوردستان وێران ببوو و ڕژێمی بەعس شارەكانی وێران كردبوو، بەڵام ئەوكاتیش كە لە سەرۆک بارزانیی پرسیوە، مەیلی دروستبوونی دەوڵەتی كوردیت هەیە، ئەو بە بەڵێ وەڵامی داوەتەوە. ئاماژەی بەوەش داوە، دوای چەندین ساڵ كاتێك دووبارە چووەتەوە خزمەتی سەرۆک بارزانی، لە كاتی پێشوازی لێكردنیدا بارزانی بە پێكەنینەوە پێشوازیی لێ كردووە، بۆیە حەسەن دەڵێت: زانیم ئەو پێكەنینە بۆ ئەوەیە كە جاری یەكەم دیمانەم لەگەڵدا كرد، كوردستان وێران ببوو و هیچ دەستی ئاوەدانیی پێ نەگەیشتبوو، بۆیە نیگەران دیار بوو، بەڵام بۆ ئەم جارەیان كوردستان جیاواز بوو، هەموو سیفاتێكی دەوڵەتبوونیان تێدا بوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگەی توركیا بۆیە ئەو وتارەی نووسیبوو و باسی لەو دیدارەی خۆی و سەرۆک بارزانی كرد تا بەڕای گشتی توركیا بڵێت كورد مافی خۆیەتی ببێتە دەوڵەت و بیرۆكەی دروستبوونی دەوڵەتیش لای بارزانی هەر لەو كاتەوە سەری هەڵدا كە لە ڕاپەڕینێكدا ساڵی 1991 هەرێمی كوردستان دامەزرا. كاتێک لە حەسەن جەمال دەپرسن، چۆن بوو بڕیارت دا ببێتە بەربژێر بۆ پەرلەمان و بێیتە ناو سیاسەتەوە، دەڵێت: ”هاوسەرەكەم پشتگیریی كردم و گوتی، مادام چەندین ساڵە بە نووسین و دیمانەی ڕۆژنامەوانی خەریكی پرسی كوردیت، ئەی بۆچی ناچیتە ناو پەرلەمان خەبات بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد بكەیت.” حەسەن جەمال لەسەر بازنەی ئیستانبوڵ خۆی بەربژێر كردووە، بوونی ئەو بە پەرلەمانتار ئەگەرێكی زۆر زۆر بەهێزە، چونكە هەدەپە لە ئیستانبوڵ، بەردەوام 12 كورسیی بردووەتەوە و كارێكی زۆر جددیش بۆ حەسەن دەكەن تا بتوانن بینێرنە پەرلەمانی توركیا، هەربۆیە لە ئێستاوە پەرلەمانی توركیا خۆی بۆ ئەوە ئامادە كردووە، كە سەرۆكایەتیی خولی تازەی پەرلەمان بە حەسەن بسپێرن، ئەمەش یەكەم جارە لە مێژووی توركیادا پەرلەمانتارێكی سەر بە پارتێكی كوردی ببێتە سەرۆكی پەرلەمان.