بەهۆی شەڕ و گۆڕانی کەشوهەوا، ژمارەی ئاوارەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەگاتە ئاستێکی پێوانەیی

داتاکان دەریانخستووە کە ژمارەی ئاوارەکان لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە ژمارەیەکی پێوانەیی، بەو پێیەی لە سەرانسەری جیهاندا 71.1 ملیۆن کەسی تۆمارکرد بەهۆی ململانێکانی وەک شەڕی ئۆکرانیا و دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە جیهاندا پاکستان. سەنتەری چاودێریی ئاوارەبوونی ناوخۆ کە بنکەکەی لە جنێڤە ڕایگەیاندووە، ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2021ەوە بە ڕێژەی 20% زیادیکردووە، ژمارەیەکی بێ وێنە لە خەڵک هەوڵی هەڵاتن دەدەن بۆ گەڕان بەدوای سەلامەتی و شوێنی حەوانەوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی سێ لەسەر چواری ئاوارەکانی جیهان لە دە وڵاتدا دەژین، لەوانە سوریا، ئەفغانستان، کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک، ئۆکرانیا و سودان، بەهۆی ئەو ململانێیانەی کە بووە هۆی ئاوارەبوونی گەورە لە ساڵی 2022دا. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، شەڕی ئۆکرانیا لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 17 ملیۆن کەس ئاوارە بوون. سەنتەرەکە ئەوەشی خستووەتە روو، ململانێ و توندوتیژی بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 28.3 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان، کە سێ هێندە زیاترە لە تێکڕای ساڵانەی دەیەی ڕابردوو. روونیشکراوەتەوە کە زۆرترین ژمارەی ئاوارە لە ساڵی ڕابردوودا کە 32 ملیۆن و 600 هەزار کەس بووە، بەهۆی کارەساتەکانەوە بووە، لەوانە لافاو و وشکەساڵی.