به‌رهه‌م ساڵح داوای یه‌ك هه‌ڵوێستی و هه‌ماهه‌نگی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌كات

سه‌رۆك كۆماری عێراق، داوا له‌ گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات، چیتر چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك به‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی نه‌سپێرن و دۆخه‌كه‌ پێویستی به‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 3ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌ میانه‌ی مه‌راسیمی پێنجه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی مام جه‌لال تاڵه‌بانی، كه‌ له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، گوتارێكی پێشكه‌شكرد و باسی له‌ خه‌بات و رۆڵی مام جه‌لال كرد له‌ خه‌باتی ئازادیخوازی گه‌لی كورد و عێراقدا.

به‌رهه‌م ساڵح گوتی، “مام جه‌لال رێبه‌رێكی دره‌وشاوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد بوو، بۆ هاوڕێ و سیاسه‌ت سایه‌ و سێبه‌ری وه‌فا بوو، سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕ و بیرمه‌ندێكی سیاسی بوو، هه‌روه‌ها داكۆكیكاری بیری ئازاد بوو”.

به‌رهه‌م ساڵح، له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراقه‌وه‌ داوای هاوهه‌ڵوێستی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، دۆخی دژواری عێراق و باهۆزی گۆڕانكارییه‌كان، پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ “چیتر چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك به‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی نه‌سپێرین”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك كۆماری عێراق، روونیكرده‌وه‌، دۆخی ئێستای عێراق له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ وردبینی له‌ بڕیار و هۆشمه‌ندی له‌ هه‌نگاونان و یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌ك ئیراده‌یی هه‌یه.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی عێراق، باسی له‌وه‌كرد، له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تی گه‌وره‌داین بۆ ده‌ربازكردنی عێراق له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی به‌رۆكی گرتووه‌ و چاره‌سه‌كردنی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستاش پێویستی به‌ هه‌نگاوی كرده‌یی و هاتنه‌مه‌یدانی ده‌موده‌ست هه‌یه‌ بۆ دابینكردنی ماف و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك.

به‌رهه‌م ساڵح داوایكرد، یادكردنه‌وه‌ی ساڵیادی كۆچی دوایی مام جه‌لال، هاندره‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان بێت بۆ هێنانه‌كایه‌ی حكومڕانیه‌كی باشتر و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كان و ره‌واندنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێی رۆڵه‌كانی عێراق.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، به‌رهه‌م ساڵح، داوای گفتوگۆیه‌كی جددی كرد له‌ نێوان هه‌ردوولا كرد بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی ده‌ستووری بۆ هه‌موو كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و داواشیكرد، به‌رژه‌وندی و قوتی خه‌ڵك نه‌كرێته‌ قوربانی ململانێ سیاسییه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستدرێژییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌رهه‌م ساڵح، پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراقی ره‌تكرده‌وه‌ و باسی له‌وه‌كرد، ئاسایشی عێراق، ئاسایشی هه‌موو ناوچه‌كه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ رێز له‌ ئیراده‌ و سه‌روه‌ری عێراق بگیرێت.

هه‌روه‌ها داوای له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا، گفتوگۆی جددی بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كرده‌یی بۆ كێشه‌ ئه‌منییه‌كانی نێوانیان، به‌شێوه‌یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی، سه‌قامگیری و سه‌ره‌وه‌ری عێراق تێیدا پارێزراوبێت.