به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی هه‌ریر به‌ وه‌كاله‌ت: دۆخی هه‌ریر له‌ ژێر كۆنترۆڵدایه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی هه‌ریر به‌ وه‌كاله‌ت رایگه‌ده‌یه‌نێت، دوای رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ و كوژرانی 3 هاووڵاتی، دۆخی هه‌ریر له‌ ژێر كۆنترۆڵدایه‌ و ته‌رمی كوژراوانیش ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی هه‌ولێر كرا.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە ناحیەی هەریری سەر بە قەزای شەقڵاوە، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی له‌ نێوان دوو بنەماڵەدا، شەڕ و پێکدادان دروستبوو، دایك و کوڕێک بەناوەکانی (مستەفا یوسف و هه‌مین کەریم) کوژران و دوو هاووڵاتی دیكه‌ش برینداربوون، پاشان هەڤال کەمال یەکێک له‌ بریندارانی شەڕەکەی ھەریر و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌لی مه‌لا باقی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی هه‌ریر به‌ وه‌كاله‌ت، به‌ كوردستان 24ـی راگه‌یاند، كاتژمێر 02:00ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 6ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌دا روویدا.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه‌دا 3 كه‌س كوژران كه‌ ته‌رمه‌كانییان له‌ پزیشكی دادی هه‌ولێره‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی هه‌ریر به‌ وه‌كاله‌ت ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دۆخی هه‌ریر له‌ ژێر كۆنترۆڵدایه‌.