نزیکەی دوو مانگە بابەتی بڵاوبوونەوە و زیادکردنی حاڵەتەکانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵ لە هەڵەبجە و دواتریش لە سلێمانی، بووەتە بابەتێکی گرنگی میدیایی و تەندروستیی خەڵکی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ”هیچ دڵەڕاوکێی ناوێت، چونکە وەزارەتەکەیان بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت، هەوڵەکانی بە شێوەیەکی رژد بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بڵاونەبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە تەرخان کردووە.“ هاوکات، بەبێ بوونی هیچ حاڵەتێکی مردنیش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 200 ملیۆن دینار وەکوو بودجەی فریاگوزاری بۆ چارەسەری و تەشەنەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە تەرخان دەکات.ئەوە لە کاتێکدایە، کە ڕێكخراوی تهندروستیی جیهانی، ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکی له ههرێمی كوردستان و عێراق، بە پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان کردووە. ئاشكراشی كرد، زۆربەی تووشبوان منداڵانی سەرووی 6 ساڵن و هیچ حاڵەتێکی مردن به نەخۆشییەکه تۆمار نەکراوه، بەڵام تا دێت ڕێژهكه له پارێزگای ههڵهبجه بهرز دهبێتهوه. پێشتریش، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک رایگەیاند، لەپێناو بەدواداچوونی رەوشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان، بڕیاریان داوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕیی فراوان، بۆ سەردانیکردنی مەیدانیی هەردوو شاری هەڵەبجە و سلێمانی، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زانستیی رێکارەکانی پەتازانی و دۆزینەوەی تووشبووەکان و دەستنیشانکردن و چارەسەرییەکان و پێداویستییەکانی رەوشی ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان. بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)یش، حاڵەتەکان لە پارێزگای هەڵەبجە زۆرن و لە (سلێمانی)یش زیاتر بوون. لە هەولێر و دهۆکیش نەخۆشییەکە هەیە، بەڵام حاڵەتەکان ئاسایی وەکوو ساڵانی پێشوون و لە هەولێر و دهۆک لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نەگەیشتووەتە 8 حاڵەت. هەولێر وەکوو ساڵانی پێشووە لەمبارەیەوە، د.مەحموود محەمەد سادق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی راپەڕین بۆ منداڵان لە هەولێر، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، لەدوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە پارێزگای هەڵەبجە، لێرەش وردتر سەیری حاڵەتەکان دەکرێ، بەڵام لە دوو مانگی رابردوودا، لە 20 حاڵەتی گومانکردن تەنیا 5 حاڵەت هەبووە، ئەویش چارەسەریان بۆ کراوە، گوتیشی: ”حاڵەتەکان لە هەولێر وەکوو ساڵانی پێشووە و نەبووەتە جێگای مەترسی.“ لەبارەی نەخۆشییەکەشەوە گوتی: “ئەو نەخۆشییە نوێ نییە و هەموو ساڵێک هەیە، نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆس، یان بەکتریا، یان کەڕووەوە تووشی پەردەی مێشک دەبێت و منداڵ زیاتر و گەورەش تووشی دەبێت، گرنگە نەخۆش زوو پێی بزانرێ و دەستنیشان بکرێت، تاوەکوو چارەسەر وەربگرێت.“ هەوکردنی پەردەی مێشک چییە؟ هەوکردنی پەردەی مێشک بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوروبەری مێشک و دڕکەپەتک، نەخۆشییەکە لە رێگەی خوێن، یان دەستلێدانەوە دەگوازرێتەوە، درەنگ دەستنیشانکردن و چارەسەرنەکردنیشی ئەگەری مردنی تووشبووەکەی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام لەمساڵدا تاوەکوو ئێستا هیچ حاڵەتێکی مردن بەو نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە. هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی نوێ نییە و بەپێی پزیشکانی پسپۆڕ، هۆکارەکانی تووشبوون لەوانەیە لە رێگەی ڤایرۆس، یان بەکتریا یان هەندێک جار شێرپەنجە و دەرمان، یان مشەخۆرەکانەوە تووشی نەخۆش ببێت. زۆر جار نیشانە زووەکانی ئەم نەخۆشییە تێکەڵ دەکرێن لەگەڵ نیشانەکانی هەڵامەت، بەڵام نیشانەکانی نەخۆشیی ھەوکردنی پەردەکانی مێشک بەگشتی لە ماوەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژدا ڕوو دەدەن. نیشانەکان بە شێوەیەکی سەرەكی لە منداڵ و گەورەدا بریتین لە:- تای بەرز.- ژانەسەری توند.- ھێڵنج و ڕشانەوە لەگەڵ ژانەسەرەکە.- گێژبوون.- گەشکە.- خەواڵوویی.- ڕەقبوونی مل.- ھەستیاری بە ڕووناکی.- لەدەستانی حەز بۆ خواردن و خواردنەوە.- سوورھەڵگەڕانی پێست لە ھەندێک باردا. بەڵام، پزیشکان و پسپۆرانی ئەم نەخۆشییە، نیشانەکان لە منداڵی ساوا بەو شێوەیە دەناسێنن:- گریانی بەردەوام.- زۆر خەواڵوویی.- کەم خواردنی شیر. هەڵەبجە ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە د.زانا باقی، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان لە هەڵەبجە، لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”نەخۆشیی هەوكردنی پەردەكانی مێشكی منداڵ، هەرچەندە پێشتریش هەبووە، بەڵام ماوەیەكە بە ڕێژەیەكی بەرچاو لە شاری هەڵەبجە زیادی كردووە و زیاتر لە 100 حاڵەتی تێپەڕاندووە.“ گوتیشی: “ئەم نەخۆشییە كە پێی دەگوترێت نەخۆشیی هەوكردنی پەردەكانی مێشكی منداڵ، بەهۆی میكرۆبەوەیە، ئەویش دەگونجێ بەكتریا، یاخود ڤایرۆس، یان مشەخۆر بێت، ئەوەی لای ئێمەیە زیاتر بەكتریا یاخود ڤایرۆسە.“د.زانا، ئاماژەی بەوەش دا، ئەوە یەکەم ساڵە ئەو ڕێژە زۆرەی ئەو نەخۆشییە لە هەڵەبجەدا هەبێت، گوتیشی: ”تاوەکوو ئێستا شتێکی دیاریکراو نییە، بڵێین ئەوە هۆکارە سەرەکییەکەیە، بەڵام وا دیارە ژینگەکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەبارە.“ ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەو نەخۆشییە، دەرمان گرانە و تاقیگەش پێویستە، هەروەها بوونی کارمەندیش، ئەو بڕە پارەیەی کە تەرخان کراوە، کارێکی باش و پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، گوتیشی: ”حاڵەتەکان جگە لە هەڵەبجە، لە گەرمیان و سلێمانییش زۆر بووە، گرنگە نەخۆش، کە نیشانەکانی هەبوو، ببرێتە لای پزیشک و بەزوویی چارەسەری بۆ دیاری بکرێت.“ ئەو پزیشکە پسپۆرە، جەختی لەوەش کردەوە، تاوەکوو ئێستا نەخۆشییەکە بکوژ نییە و هیچ حاڵەتێکی مردن لە هەڵەبجە نەبووە. لە سلێمانی حاڵەتەکان زیاتر بوون سەرەتای هەفتەی رابردوو، د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، حاڵەتەکان لە سلێمانی زۆر زیادیان کردووە، ڕۆژانەش ١٠ بۆ ١٢ حاڵەت تۆمار دەکرێت، بەڵام هەموان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، زۆرینەی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانەکەدا هەیە، نهۆمێکی تایبەت بۆ ئەو نەخۆشییە جیا کراوەتەوە. بە هەمان شێوەی پزیشکانی دیکەش، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی داوا لە دایکان و باوکان دەکات، لە کاتی هەستکردن بە نیشانەکانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک، منداڵەکانیان ببنە لای پزیشکی پسپۆڕی منداڵان. وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشیی پەردەی مێشک د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ (باسنیوز)، سەرەتا باسی لە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە نەخۆشییەکی گوازراوەیە و لە ڕێگەی ڤایرۆس یان بەکتریا یان هەر میکرۆبێکی دیکەوە دەبێت، کە زۆرترینیان ڤایرۆسە و ترسناکترینیان بەکتریاییەکەیە، ئەم نەخۆشییە لە مێژووی پزیشکیدا هەر هەبووە و هەموو ساڵێک هەیە، هیچ نەخۆشخانەیەک لە دونیادا بەبێ بوونی ئەو نەخۆشییە نیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، لەم ساڵدا زیادبوونی ڕێژەکەیەتی، بەتایبەتی لە پارێزگای هەڵەبجە، کە ئەوە بوو بەشێوەیەکی جدیی وەرمانگرت و چەند لێژنەیەکمان پێکهێنا. وەزیری تەندروستی گوتیشی: ”لێژنەمان هەبووە لەسەر ئاستی وەزارەت، چارەسەرکردن، لێژنەی ئەزموونی، کە لە کەسانی پسپۆر پێکهاتووە، هەروەها لێژنەی هاوبەشمان لەگەڵ بەغدا و WHO هەبووە بە شێوەی مەیدانی سەردانی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجەمان کردووە، سەردانی نەخۆشخانەی (د.جەمال)مان لە سلێمانی کردووە، لەوێ تێبینیمان کردووە، کە پێداویستیی زیاترمان بە دەرمان و تاقیگەیە، تا دەگات بە قەرەوێلە و چەرچەف، ئەوەبوو بە رەسمی داوامان کرد، بە سوپاسەوە بە خێرایی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەم داواکانمان هات و رەزامەندیی بە دابینکردنی بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە و زیادبوونی حاڵەتەکانی، واتا جگە لەو بودجەیە بودجەی ئاساییمان هەر هەبووە بۆ هەموو نەخۆشییەکان، واتا ئەوە ئیزافە بووە بۆ ڕووبەڕووبووەوەی نەخۆشییەکە.“ د.سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش دا، دابینکردنی ئەو بودجەیە بۆ تەندروستیی هەڵەبجە، بووە هۆکارێکی پاڵپشتی و گرنگ بۆیان کە بەو شێوەیە و بەو خێراییە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتە سەر خەت، لە کاتێکدا هیچ حاڵەتێکی مردن لە نەخۆشییەکە نەبووە، جگە لەوەی سەرۆکی حکوومەت لەسەر ئەو بابەتە، بەردەوام لەسەر خەت بووە و خۆی پەیوەندیی پێیانەوە کردووە، دواتر لەبەر پەرۆشیی بۆ نەخۆشەکان، ئەوانیان وەکوو وەزیری تەندروستی، بە شێوەی مەیدانی بۆ نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە و سلێمانی راسپاردووە، تاوەکوو لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستیی ئەو شوێنانە بن، گوتی: ”سەرۆکی حکوومەت هەر کات کێشەی تەندروستی لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستاندا هەبووبێت، بەدواداچوون و پرسیاری کردووە و بە قەدەر قەبارەی کێشەکە، بە پەرۆشەوە بۆی هاتووەتە سەرخەت.“ د.سامان بەرزنجی، گوتیشی: “ئەو نەخۆشییە بەشێکی بە پێوەندیی چارەسەکردن هەیە، بەڵام بەشێکی دیکەی پەیوەندیی بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بەتایبەتی پاکوخاوێنی و جێبەجێکردنی رێنماییەکان لە کاتی چوونە توالێت و نانخواردن و دوورخستنەوەی کەسی تووشبوو لەوانی دیکە.“ وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە، ئەو نەخۆشییە نابێت ببێتە دڵەڕاوکێ و بابەتی سۆشیال میدیا، بەڵکوو گرنگە پەیامی هۆشیاری و رۆشنبیری لە میدیاکانەوە بۆ ئەو نەخۆشییە بڵاو بکرێتەوە، چونکە نەخۆشییەکە گوازراوەیە و سنووری نییە، ئەوەی کە هەیە زۆرتر لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانیدا بووە، ئەوە پەیوەندیی بە زۆریی نەخۆشییەکەوە هەیە لەو شوێنانە، کە زۆریی نەخۆشییەکە وای کردووە، بڵاوبوونەوەی لەو شوێنانە زیاتر بکات و گوتی: ”کاتێک نەخۆشییەک لە شارێک بڵاو دەبێتەوە ئەوە بێ گومان ژمارەی زۆر لەو شوێنە دەبێت، ئەوە بەو مانایە نییە کە لە هەولێر و دهۆک نییە، بەڵام دەبینین لەو دوو شارە حاڵەتەکان نۆرمەڵن و بەشێوەی ساڵانی دیکەیە، ئەوەی جێی خۆشحاڵیشە، رێژەی مردن سفرە.“
نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک چییە؟ بۆچی مەسرور بارزانی 200 ملیۆن دیناری بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەرخان كرد؟
