وەزارەتی کارەبا لەبارەی وەرگرتنی کرێی کارەبا روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆیەک لەبارەی وەرگرتنی کرێی کارەبا رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کارەبای ماڵان بەپێی پێوەری زیرەک رێکخراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە گەڕەکە جیاوازەکانی ناو شارەکانەوە نییە.

لە روونکردنەوەیەکیدا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەداووە، لەبارەی بابەتی وەرگرتنی کرێی کارەبا، هەواڵێکی دوور لە راستی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، وەرگرتنی کرێی کارەبای ماڵان بەپێی پێوەری زیرەکی کارەبا رێکخراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە گەڕەکە جیاوازەکانی ناو شارەکانەوە نییە، هاوبەشانی کارەبا بەپێی ئەو یەکە کارەبایەی کە بەکاردێنن کرێی کارەبا لەسەریان ئەژمار دەکرێت.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: “وەزارەتی کارەبا تەنانەت لە هەڵمەتەکانی نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و بڕینی ئەو هاوبەشانەی لەسەروو دوو ملیۆن دینار قەرزدارن لەو گەڕەکانە دەستیپێکردووە، کە بە گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکان ناسراون”.

وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: “هەر هاوبەشێکی کارەبا لەکاتی خۆیدا کرێی کارەباکەی نەدابێت، یان دوایخست بێت، لەسەری کۆدەبێتەوە و بەهەر شێوەیەک بێت، پێویستە بیدات”.