مه‌سرور بارزانی پاره‌ بۆ پڕۆژه‌كانی ئاوی پارێزگای سلێمانی ته‌رخانده‌كات

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا به‌ ته‌رخانكردنی 741 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژه‌كانی ئاوی پارێزگای سلێمانی.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (10ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ره‌زامه‌ندیدا له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی 741 ملیۆن دینار ‌ بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە پارێزگای سلێمانی.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، “له‌ چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، بەمەبەستی دابینکردنی مەوادی پاککەرەوەی ئاوی خواردنەوە و پڕۆژەکانی ئاو، بیر و کارێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2022”.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئەو بڕە پارەیە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی خەرجدەکرێت.