ناسنامه‌ی كۆچبه‌رێكی كورد كه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانی وڵاتی یۆنان گیانی له‌ده‌ستدابوو ئاشكراكرا

ده‌زگای لووتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، ناسنامەی تەرمی  کۆچبەرێکی دیکەی رووداوه‌كه‌ی كه‌ناراوه‌كانی ئێڤای وڵاتی یۆنانی ئاشكراكرد.

ژمارەی قوربانییانی رووداوەکەی رۆژی  (1ـی تشرینی دووه‌م / نۆڤێمبه‌ر)ـی رابردوو، لەکەناراوەکانی ئێڤیای وڵاتی یونان  بۆ 26 تەرم به‌رزبووه‌وه‌، کە ژمارەیەک کوردیش لە یەختەکەدابوون، ده‌زگای لووتكه‌ی بۆ كاروباری په‌نابه‌ران له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، تەرمی کۆچبەرێکی دیکەی كورد  دۆزراوەتەوە.

ده‌زگای لووتكه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان و ناسینەوەی تەرمەکە لەلایەن کەسێکی نزیکییەوە، تەرمی کۆچبەرێکی کورد و كه‌ رەگەزی مێیه‌ و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە ناوی ( زریان  ئەمین )  دۆزرایه‌وه‌.

زریان ئه‌مین پتر له‌ مانگ و نیوێکە لە وڵاتی تورکیا لە چاوەروانی دەرچونیەتی بۆ ئەوروپا، دواتر لە رووداوه‌كه‌ی 1 ئەم مانگە ناوبراو له‌نێو یەختێکی 70 کەسیدا گیانی له‌ده‌ستدا و ئه‌مڕۆش ته‌رمه‌كه‌ی ناسرایه‌وه‌.