ڕۆژی چوارشەممە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد كە كۆمپانیایەك لە دەروازەی سنووری پەروێزخان، بە شێوەی نایاسایی و بەبێ پسوولەی فەرمیی حكوومەت، بڕی 85 هەزار دینار لە هەر بارهەڵگرێكی نەوت وەردەگرێت و رۆژانەش 300 بارهەڵگریان بەلادا تێدەپەڕێت.
کەریم عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەژماری خۆیدا لە (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە كە وەرگرتنی پارە بە نایاسایی لە نزیک دەروازەی پەروێزخان لە لایەن کۆمپانیایەکەوە بەبێ هیچ پسووڵەیەکی حکوومی و فەرمی ئەنجام دەدرێت.
گوتیشی كۆمپانیاكە بڕی 85 هەزار دینار لە هەموو شۆفێری بارهەڵگرێکی نەوت وەردەگیرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە ڕۆژانە بەپێی بەڵگەکان، 300 بارهەڵگری نەوت لەو دەروازەیەوە هاتووچۆ دەکەن.
دەشڵێ ئەو کۆمپانیایە ناوەکەی پارێزراوە و قەپانێكی کێشانی بە نایاسایی داناوە.
كەریم عەلی لە كۆتاییدا هیوای خواستووە داواکاری گشتی و دادگا و هێزە ئەمنییەکان هاوکاریان بن بۆ سزادانی سەرپێچیکاران و ئەوانەی بە نایاسایی پارە وەردەگرن.