ئەمڕۆ پێنجشەممە رۆژنامەی “جیهان سنعەت”ی ئێرانی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و برسییەتی لە ئێران، بازرگانیی فرۆشتنی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ لەم وڵاتە پەرەی ستاندووە و زۆربەی كڕیارەكانیشیان عێراقیین. بەپێی رۆژنامەكە، بازرگانەكانی ئەندامی جەستەی مرۆڤ كە بەپێی یاسای جیهانی تاوانكارن، ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانە دەنێرنە وڵاتانی دراوسێی ئێران بۆ رادەستكردنی ئەندامەكانی جەستەیان، زۆربەشیان بەرەو عێراق و ئیمارات و توركیا دەنێردرێن، بۆ ئەوەی لە بەرانبەر چەند هەزار دۆلارێكی ئەمریكیدا ئەندامێكی جەستەی خۆیان بفرۆشنەوە. لە راپۆرتەكەدا هاتووە زۆربەی ئەوانەی ئەندامی جەستەیان دەفرۆشن گەنجانی ئێرانین، خۆیان دەگەیەننە وڵاتیكی وەكو عێراق و گورچیلە یان پارچەی جگەریان بە حەفت تا 15 هەزار دۆلار دەفرۆشنەوە. رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە كە ئێستا بەشێك لە گەنجانی هەژاری ئێران لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕێك پارەدا، ئامادەن هەر بەشێكی جەستەیان بفرۆشن كە شیاوی چاندنەوە بێت.
بەهۆی هەژارییەوە، فرۆشتنی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ لە ئێران پەرەدەستێنێ
