لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەران راوێژكارێكی سەركۆمار روونكردنەوە دەدا

لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران و رێككەوتنی هەولێر و بەغدا، راوێژكارێكی سەركۆماری عێراقی فیدڕاڵ روونكردنەوە دەدات و دەڵێت: ”بۆ شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران كاری زۆر باش كراوە.“محەمەد ئەمین فارس، ڕاوێژكاری سەركۆماری عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دوای رێككەوتنی نەوت و بودجە لەنێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق، پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵ هەموو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.”ئاماژەی بەوەش دا: “ئەو كێشەیەی لە چۆنیەتیی فرۆشتنی نەوتدا، كە ساڵانی رابڕدوو هەبووە و حكوومەتی فیدراڵ بیانووی پێ دەگرت، ئەوە بەپێی رێككەوتن چارەسەر كراوە و لە پرۆژە یاسای بودجەشدا ڕەنگ دەداتەوە و جێگیر دەكرێت.”ڕاوێژكارەكەی سەركۆماری عێراق باسی لەوەش كرد: “شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی سەردانی بەغدا دەكەن و شاندی تەكنیكیی گشت وەزارەتەكانیش سەردانیان كردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكاندا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە مووچەی فەرمانبەرانیشەوە جێگیر بكرێن و هیچ كێشەیان نەمێنێت، بۆ ئەوەش كاری زۆر باش كراوە.”محەمەد ئەمین فارس جەختی كردەوە، تاوەكوو بودجە پەسند دەكرێت، 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و كە بودجەش پەسند كرا، شایستەی تەواوی دارایی دەنێردرێت.دەشڵێت: “ئێستا پرۆژەیاسای بودجەكە لە دوا قۆناغەكانیدایە و نزیكی پەسندكردنە و هەوڵ دەدرێت بۆ سێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بێت، بەمەش حكوومەت لە كۆمەڵێك گرفتی دووبارەبوونەوەی دواكەوتنی ئامادەكردنی بودجە و جێبەجێنەكردن و دواكەوتنی تەواوبوونی پرۆژەكان ڕزگار دەبێت و دەتوانرێت پرۆژەی گەورەتر و ستراتیژی لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ئەنجام بدرێت.”راوێژكارەكەی سەركۆمار جەختی كردەوە، ئەو بڕگە و ماددانەی كە لە بودجەی عێراق بۆ پشكی هەرێمی كوردستان هەیە، رەنگدانەوەی رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدایە، گوتیشی: “ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی هەردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و هەنگاوی جددیی بۆ نراوە، ئەم ڕێككەوتنەش لێك نزیكبوونەوەی هەردوو حكوومەتە لە بەرژەوەندیی سەرجەم گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش، هەروەكوو چۆن هەنگاوێكی گرنگە بۆ داڕشتنەوەی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و غاز و كۆتاییهاتنی ئەو ململانێ ئاڵۆز و قورسە، بێ گومان دەرچوونی یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی، كۆتایی بەو هەموو ململانێ و ناكۆكییە سیاسییە دەهێنێت كە ساڵانێكی زۆرە دروست بووە.”