ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/5/2023 ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی و بە ئامادەبوونی سەرکۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و سەرکۆماری عێراق تێیدا وتارێکی پێشکەش کرد. دەقی وتاری د. لەتیف ڕەشید، سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان بەڕێز كاك مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەبوانی بەڕێز سڵاوێكی گەرم خۆشحاڵم لەم مەراسیمە گرنگەدا لەگەڵتان بم بۆ كردنەوەی مۆزەخانەی سەرۆكی مەزن، جەنابی مەلا مستەفای بارزان، لە ناخی دڵمەوە دەستخۆشی لە هەموو ئەو خوشك و برایانە دەكەم كە ئەم دامەزراوەیان هێناوەتە بەرهەم بۆ بەرزڕاگرتنی یادەوەریی جەنابی بارزانی. خوشك و برایانی بەڕێز مێژووی میللەتەكەمان بریتییە لە سەروەری و شكۆمەندی، بە درێژایی دەیان ساڵەی خەباتی نەتەوایەتیمان، كەسانی زۆر گەورە و خاوەن كاریزما هاتوونەتە مەیدانی تێكۆشان و كوردایەتی، كە بە فەزڵی ئەوانە ڕێڕەوی خەباتی نەتەوایەتیمان و ڕێبازی پیرۆزی كوردایەتی بەردەوام بوو بۆ هێنانەدیی مافە ڕەواكانی میللەتەكەمان، بۆیە ئێمەش وەك هەر میللەتێكی زیندوو، شانازی بەو سەركردە مەزنانە دەكەین كە لە قۆناغەكانی خەباتی نەتەوەییان، ژیانی خۆیان بۆ میللەتەكەیان تەرخان كرد. پێویستە كاریگەریی ئەو سەركردە مەزنانە بە درەوشاوەیی بهێڵینەوە و نەوەكانی ئێستا و داهاتوومان بە خەباتی ئەوان ئاشنا بكەین. بەڕێزان هەلومەرجی ناوچەكەمان بەگشتی و بارودۆخی وڵاتەكەشمان بەتایبەتی، ڕووبەڕووی تەحەدیاتی گەورە بووەتەوە، قۆناغێكی نوێ هاتووەتە بەردەم هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان كە ساڵانێكە ناوچەكە و عێراق بەهۆی جەنگ و كاریگەرییەكانی و ناسەقامگیریی سیاسی و تێكچوونی پەیوەندییەكان، هاتبووە ئاراوە. ئێستا كەشێكی ئارام هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكمان هەوڵ بدەین ئەم قۆناغە بقۆزینەوە بۆ زیاتر لێك نزیكبوونەوە و گفتوگۆی ئاشتییانە و برایانە و سەرلەنوێ بنیادنانەوەی وڵاتەكەمان. كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق، ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكان بەلاوە بنێن، ژینگەیەكی سیاسیی تەندروست بەدی بهێنین بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات و بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلانی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، بەتایبەتیش ڕەخساندنی كەشێكی ئارام و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوومان، لە ڕێگەی تەرخانكردنی سامانی وڵات بۆ پێشخستنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و داهێنان لە گشت بوارێكی ژیان. گومانی تێدا نییە كە ئێستا نیەتێكی باش هەیە لەلایەن هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر بۆ سەرخستنی دایەلۆگی نیشتمانی و چارەسەركردنی كێشەكان و كۆتاییهێنان بە گرفتە سیاسییەكان و كاركردن بۆ داڕشتنی بەرنامەیەكی سیاسیی نوێ كە زامنی هەموو مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان بێت، هەرێمی كوردستان ببێتە فاكتەرێكی بەهێز لە ئێستا و ئاییندەی عێراقدا. لە كۆتاییدا بەپێویستی دەزانم بە هەموو لایەك ڕابگەیەنم كە چارەنووسی عێراق و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە بەستراوە و لە یەكتر جیا نابێتەوە، قۆناغەكانی ڕابردووش پێمان دەڵێن كە نە عێراق ئارامی بە خۆیەوە دەبینێ، بەبێ هاوكاری و هەماهەنگی، هەرێمی كوردستانیش سەقامگیریی ئابووری بە خۆیەوە نابینێت بەبێ حكوومەتی ئیتیحادی، بۆیە پێویستە لێرەوە زمانی گفتوگۆ و سازان و لێكتێگەیشتن ببێتە فاكتەری داڕشتنی سیاسەتێكی نوێ لە عێراقدا كە خزمەتی هەموو لایەك بكات و وڵاتەكەمان ئاوەدان بكاتەوە و پێكەوە ڕووبەڕووی ئەو تەحەدییانە ببینەوە. هیوای سەرفرازی و سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازم، جارێكی تریش دەستتان خۆش بێت بۆ ئەو هەنگاوە پیرۆزە لە بەرزڕاگرتنی یاد و یادەوەریی بارزانیی نەمر، هەر شاد و سەرفراز و سەركەوتوو بن.