سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ دەبێتەوە

ڕۆژی سێشەمە ١٦/٥/٢٠٢٣، کاتژمێر ١٠:٣٠ی بەیانی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە ١٠٨ی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوە دەچێت. لەم بارەیەوە خانزاد مام وسوو دەزەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: سبەی لە بارەگای ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ژمارە (١٠٨)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەن و سکرتێری ئەنجوومەن و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بەڕێوە دەچێت.  لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: یادداشتی دەست لەکارکێشانەوەی چنار کۆخە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەبێت بەھۆی ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامی لە حکوومەت نەماوە، دەیەوێت دەست لەکار بکێشێتەوە. ڕایشیگەیاند: تەورێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بەوەی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار و گواستنەوە ڕاپۆرتێکیان ئامادە کردووە سەبارەت بە دەنگدان لەسەر ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی بالیسان.