بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاشکرای کرد، دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی تازە دەکرێ. بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکـی هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دابەشكردنی خۆراكی مانگی چوار تەواو بووە و خۆراكی مانگی پێنج لە كۆگاكانمان هەیە، ئەمڕۆ بریكارەكان لیستی پارەی مانگی پێنجی بەشەخۆراك رادەست دەكەن و سەبەتەی پێنجەمی بەشەخۆراك لە دوو رۆژی داهاتوودا دابەش دەکرێت.” ئاماژەی بەوەش دا: “دابەشكردنی برنجی مانگی پێنج لەدەرەوەی شار و ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێكردووە و لە ئەمڕۆوە بەشە برنجی مانگی پێنجی ناوشار دابەش دەكرێت، هێلكەی تایبەتی رەمەزانیش تەواو دابەش كرا و كۆتایی هاتووە.” نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “مادە خۆراکییەکان هاتوون و لە کۆگاکانمان ئامادەن و دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی پێنج دەکرێ.” ئاشکراشی کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی پێنجی ئەمساڵ دەکرێت، گوتیشی: “دابەشكردنی بەشەخۆراك بە باشی بەڕێوە دەچێت و مانگانە بەشەخۆراكی تازە دابەش دەكرێت.” بەگشتی، سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی تهماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد. نەوزاد شێخ کامیل، دەشڵێت: ”ئەو بەشەخۆراکانەی مانگی پێنج دابەش دەکرێن، هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە و وەکوو مانگەکانی رابردووە.”
بەشەخۆراکێکی تازە دابەش دەکرێت
