ئه‌مڕۆ بۆ قسه‌كردنی له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆ دەبێتەوە

 بڕیاره‌ هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوبردنی ده‌وڵه‌ت، به‌ ئاماده‌بوونی دوو به‌رپرسی باڵای كورد له‌ به‌غدا كۆ ببنه‌وه‌ و قسه‌ له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ـی عێراقدا بكه‌ن. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بکەن، بە تایبەت دەستکاریکردنی ماددەکانی 13 و 14 کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان. پێشتر ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ـی راگەیاند: کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی به‌ڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ئەو گۆرانکاریانەیە کە لە ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستاندا کراوە. بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، هه‌ریه‌ك له‌ د. فوئاد حوسێن و شاخەوان عەبدوڵا، بەشداریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن.