جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە لێژنەی دارایی پەرلەمان دەکات کە ژمارەی ئەندامەکانی لە 24 کەسەوە بۆ 23 ڕاستبکاتەوە، هەروەها کارەکانیشی ڕابگرێت تا لیژنەکە ڕێکدەخرێتەوە لەگەڵ ژمارەی دیاریکراو. بەپێی نووسراوێکی د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە ئەمرۆ شەممە 27/5/2023، ئاراستەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کردووە و تێیدا داوای ڕاستکردنەوەی ژمارەی ئەندامەکانی بۆ 23 کەس دەکات لەبری ئەوەی ئێستا کە 24 کەسە، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی 73ی سیستەمی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، ژمارەی ئەندامانی لیژنەکان نابێت لە 21 کەس زیاتر بێت و دەسەڵات بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەن دراوە بۆ هەموارکردن و زیادکردنی تەنها دوو ئەندام بۆ هەریەک لە لیژنەکانی پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ئێستا لێژنەی دارایی پەرلەمان 24 کەسە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای بڕگەکانی سیستەمی ناوخۆییە. هەروەها جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق لە نووسراوەکەیدا داوای لە لیژنەی دارایی کرد کارەکانی ڕابگرێت تا ئەو کاتەی ناهاوسەنگییەکە چارەسەر دەکرێت، ژمارەی ئەندامانی لێژنەکە ڕاست دەکرێتەوە کە ژمارەی دیاریکراو 23 کەسە.