ئەردۆغان لەبارەی سندوقەكانی دەنگدانەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا لە پەیامێكدا داوای لە لایەنگرانی كرد سندوقەكانی دەنگدانی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەركۆماری توركیا بپارێزن، تا كۆتایی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە. ئەردۆغان لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر بڵاوی كردەوە، سوپاسی هاوكارانی دەكات كە لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە بە لەخۆبووردووانەوە لەسەر سندوقەكانی دەنگداندا كاریان كردووە. هەروەها نووسیویەتی داوا لە هەموویان دەكەم سندوقەكانی دەنگدان بپارێزن تا ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەندرێت، ئێستا كاتی ئەوەیە بە دەستی خۆیان بەرگری لە خواستی گەل بكەن. ئەم ئێوارەیە سندوقەكانی دەنگدان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی توركیا داخران، بۆ یەكلاكردنەوەی براوەی هەڵبژاردنەكە لە نێوان ئەردۆغان و كەمال كلیچكدار ئۆغلوی بەربژێری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا.