بانكی ناوەندی عێراق لەبارەی مامەڵەکردن بە دینار و دۆلار ڕوونکردنەوە دەدات

بەرپرسێکی بانكی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد، دینار دراوی نیشتمانییە و پێویست ناكات مامەڵە لەگەڵ دۆلار بکرێت. محەممەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: “ئامانج لە دەستپێكردنی سێ پاكێجە یەك لەدوای یەكەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە پاراستنی سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ و مامەڵەكردنە بە نرخی فەرمی، فرۆشتنەكەش لەڕێگەی پلاتفۆرمی فرۆشتنی نەختینەییەوە دەستیپێكرد.” ئاماژەی بەوەشكرد: “ئێستا بانكی ناوەندی میكانیزمێك دەگرێتەبەر بۆ باشتركردنی ڕێكارەكان و ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی حەواڵە و زاڵبوون بەسەر هەموو ئاستەنگییەكان.” زیاتر گوتیشی: “بازرگانانی بچووك كە مافی ئەوەیان نییە بچنە ناو پلاتفۆرمەكەوە ئەوانەن كە دۆلار دەكڕن و بە نرخێكی هاوتەریب لە بازاڕ مامەڵەی پێوە دەكەن و فشار دەخەنە سەر و خواستێكی بۆ دروست دەكەن، سەبارەت بە كۆمپانیا بازرگانییەكان، ئەوان دەچنە ناو پلاتفۆرمەكەوە و گواستنەوەكانیان بە شێوەیەكی ئاسایی و بە نرخی فەرمی ئەنجام دەدەن.” جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی عێراق، راشیگەیاند: “لایەنەكانی ئەندامی لیژنەی پشتیوانی لە دیناری عێراق پەیوەندی لەگەڵ خزمەتگوزارییە ئەمنییەكان دەكەن بۆ جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و بانكی ناوەندی بۆ پاڵپشتیكردنی دینار و سەقامگیركردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و ڕێگریكردن لە مامەڵەی نافەرمی چونكە پێویست بە مامەڵەكردن بە دۆلار ناكات لە عێراقدا.”