ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی عێراق دەکات

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 3ی 6ی 2023، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی عێراق بکات. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 3ی 6ی 2023، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا دەگاتە بەغدا و لە بەرنامەی سەردانەكەیدا کە بەیانیی یەكشەممە دەست پێ دەكات، دیداری لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێت، پاشان سەردانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەكات. لە ساڵی 2011-وە لە سووریا جەنگی ناوخۆیی هەڵگیرساوە و خەڵكێكی زۆری ئەو وڵاتە ئاوارە بوون. پاشان تیرۆریستانی داعش بەشێكی وڵاتی سووریایان داگیر كرد، ئێستاش دۆخی سووریا نالەبارە، بەڵام دەسەڵات لە دیمەشق لە شوێنی خۆی ماوەتەوە و كار دەكات بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر ئاسایی بکاتەوە.