مامۆستایەکی ئایینی لە سلێمانی: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رووی شەرعەوە دروستە

مامۆستایەکی ئایینی لە شاری سلێمانی، دەڵێ، کامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ مادام بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ھاتوچۆیە لەڕووی شەرعەوە دروستەوە و حەرام نییە. لاوەند چوارباخی، مامۆستای ئایینی لە شاری سلێمانی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە: “سەبارەت بە کامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ، ھەندێک كەس داوای ڕوونکردنەوە دەكەن لەسەری گوایە لە رووی شەرعەوە حەڵاڵە یان حەرامە، بێگومان ئەوە پێویستی بە روونکردنەوە نییە (خۆ هاوسەگیریی مسیار نیە) ئایا کامێرای چاودێری پێویستی بە ئەوەیە تاكوو لە روانگەی شەرعەوە گومانی حەڵاڵ و حەرامی لێ بکەین، نەخێر پێویست ناکات و دروستە، مادام ئەو کامێرایانە بۆ کەمكردنەوەی رووداوی ھاتوچۆیە.” ئەو مامۆستا ئایینییە پێی وایە: “كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ سەلامەتیی هاوڵاتیانە و جێگەی نیگەرانی نییە، تەینا بۆ كەپڵدارەكان جێگەی نیگەرانییە، ئەگەر دەتەویت سەلامەت و پارێزراو بیت ئەوا جێبەجێی بكە و پابەند بە ئەگەر پارەشت زۆرە ئەوە بۆتۆ(فری)ییە.”