ئەمڕۆ سێشەممە تەیف سامی وەزیری دارایی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق، ئەنجامدانی هەر گۆڕانكارییەكی لە رەشنووسی بودجەی گشتییدا ڕەت كردەوە و پابەندبوونی وەزارەتەكەشی بە دیدگای حکوومەتی فیدراڵیییەوە دووپات كردەوە. وەزارەتی دارایی لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە كە وەزیری دارایی رەتی كردووەتەوە هیچ گۆڕانكارییەك لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیدا بكرێت و ئەو زانیارییانەش رەت دەكاتەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، گوایە وەزیری دارایی گۆڕانكاری لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا كردبێت كە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كاریان لەسەر دەكات. وەزیری دارایی دووپاتیشی كردووەتەوە كە گرنگیی زۆر بە بەرگریكردن لە هەموو بەشەكانی ناو پرۆژەیاسای بودجە دەدەن، وەزارەتی داراییش تانە لە بودجە دەدات ئەگەر بە گۆڕانكارییەوە پەسەند بكرێت. ئەوەشی وەبیر هێناوەتەوە كە ئەو خاڵانەی حكوومەت لە رەشنووسی بودجەدا جێگری كردوون، دوای لێوردبوونەوە و پێداویستیی وەزارەتەكان و پارێزگاكان هاتوون، پێداویستییەكانی هەمووان لەخۆ دەگرن و بەگوێرەی دیدگای حكوومەت بۆ بەرنامەی حكوومی داندراون و هەر گۆڕانكارییەكی تێدا بكرێ، دەبێتە هۆی پەكخستنی پرۆسەی خەرجكردن، كە حكوومەت بەرنامەڕێژی بۆ كردووە لەپێناو پڕكردنەوەی پێداویستییەكاندا.