یەك ملیۆن كەس لە عێراق بێسەروشوێنن و لەسەر ئاستی جیهاندا یەكەمە

بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، لە عێراقدا، لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە تاوەكوو ئێستا، نزیكەی یەك ملیۆن كەس، بێسەروشوێنن، ئەوەش وای كردووە لەسەر ئاستی جیهان، ئەو وڵاتە لە زۆریی ژمارەی بێسەروشوێنان یەكەمین بێت. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوایین راپۆرتیدا ئاشكرای كردووە، كە پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بگرنە بەر، بۆ ئاشکراکردنی چارەنووس و شوێنی لانی کەم 643 كەس، کە لە مانگی حوزەیرانی 2016 لەلایەن هێزە میلیشاكانەوە بێسەروشوێن کراون. ئایا مەجزووب، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێكخراوەكە، لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە،: ”حەوت ساڵ بەسەر پێکهێنانی لێژنەیەکی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق تێپەڕیوە، بۆ لێکۆڵینەوە لەو بێسەروشوێنکردنانە، كە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی فەللوجەدا ئەنجام دراون، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئاشکرا نەکراوە و کەسیش لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە.“ ئاماژەی بەوەش کردووە، قوربانییانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ تەنیا بێسەروشوێنەکان نین، بەڵکوو خێزان و كەسوكاریانن، کە بەهۆی نەزانینی چارەنووسی ئازیزانیانەوە بەردەوام لە ئازاردان، كە چەندین حکوومەت نەیانتوانیوە وەڵامێكی شایەن بدەنەوە و قەرەبووی ئازارەکانی خێزان و كەسوكاریەكانیان دابین بکەن. لە راپۆرتەكەدا هاتووە :”بۆ ئەوەی حوکمڕانیی بێ سزایی لە عێراق کۆتایی پێ بێت، دەبێت حکوومەت ئەنجامەکانی دەستەی لێکۆڵینەوە ئاشکرا بکات.“ تا ئەمڕۆش هیچ لەبارەیانەوە نازانرێت هەر بەپێی راپۆرتەكە، لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2016ی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا، بەوردی باسی لەوە كراوە، ئەو چەکدارانە بەشێک لە پیاو و کوڕە دەستگیرکراوەکانیان بە پاس و بارهەڵگری گەورە گواستووەتەوە. تا ئێستا چارەنووسی ئەو کەسانەی بەم ئۆتۆمبێلانە گواستراونەتەوە دیار نییە. سەرەڕای چەندین هەوڵی بنەماڵەی بێسەروشوێنەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتداران، بۆ لێکۆڵینەوە كردن، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە. هاوكات، بەگوێرەی لێژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، لە ساڵی 1968ەوە لە عێراق، لەنێوان 250 بۆ یەک ملیۆن کەس بێسەروشوێن كراون، ئەمەش وای کردووە، کە ببێ بە یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی بێسەروشوێنەکانی لە جیهاندا هەیە.