دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ كاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە دواخرا

پاش دەنگدان لەبارەی ژمارەیەك ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا.ئێوارەی ڕۆژی هەینی، جارێكی دیكە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق كۆبووەوە و ماددەكانی (1 تا 13)، هەروەها ماددەكانی (18 تا 24)ی پەسەند كرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكان، ماددەكانی (14 تا 17) پەسەند نەكران و یەكلاكردنەوەیان دواخرا.بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تەواوكردنی گفتوگۆكان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، دانیشتنەكەی بۆ كاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 10ی حوزەیرانی 2023 دواخستووە.لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە ماددەكانی 12 و 13ی پەیوەندیدار بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەنگیان لەسەر درا، بەڵام تاوەكوو ئێستا ماددە 14ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بەهۆی هەوڵەكانی شۆڤێنییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق بۆ دانانی بڕگەی ئەوتۆ كە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت، نەتواندراوە دەنگی لەسەر بدرێت.