پرۆژەیەکى ستراتیجى بەرهەمهێنانى کارەبا لە قەزاى پشدەرى ئیدارەى ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت و دواى تەواوبوونى تێکەڵى کارەباى نیشتمانى دەکرێت. عەلى محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی کارەباى ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ئەو پرۆژەیە لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە جێبەجێ دەکرێت و حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش لە ڕێگەى شارەوانیى قەڵادزێوە زەویى بۆ تەرخان کردووە”. گوتیشى: “پرۆژەکە بریتییە لە دروستکردن و دامەزراندنى وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی ٥٠ مێگاوات کارەبا کە دواى تەواوبوونى، تێکەڵى تۆڕى کارەباى نیشتمانى دەکرێت”. باسى لەوەش کرد: “بێجگە لەوە، وێستگەیەکى کارەباى مۆبایل لە سنوورى قەزاى حاجیاوا دادەنرێت کە بە تەواوبوونى ئەو دوو پرۆژەیەش، تا ڕادەیەکی باش گرفتی کارەبا لە سنوورەکە چارەسەر دەبێت و تا ڕادەیەکى باشیش دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار، بەتایبەت بۆ دەرچوانى بوارى کارەبا”.
پشدەر.. پرۆژەیەکى ستراتیجیى کارەبا جێبەجێ دەکرێت
