بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییە عێراقییەكان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، نیگەرانە لە گۆڕانكارییەكانی ناو پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەكانی (2023، 2024 و 2025) و ئەگەری زۆرە سكاڵای خۆی بباتە دادگای فیدڕاڵیی عێراق. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە یەکەم لێدوانی دوای تێپەڕاندنی بودجە، ئاماژەی بەوە کرد، کە پێداچوونەوە بە بڕگە و گۆڕانكارییەكانی بودجەدا دەکرێت. بە دیاریکراوی لەبارەی ئەو بڕگانە نازانرێت، کە حکوومەتەكەی سوودانی لێی نیگەرانە، بەڵام ئەوەی بە لێدوانی بەرپرسانی حكوومەتەكەی سوودانییەوە دیارە، ئەو بڕگانەن، كە لە لێژنەی دارایی ڕێك پێچەوانەی ئەو دەقانەیە، كە لە حكوومەتەوە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق كرابوون. بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، لەوانە رۆژنامەی (مەدا)ی عێراقی، نیگەرانییەكان لەئاستێكدان، ئەگەری زۆر ئەوەیە سەرۆك وەزیرانی عێراق سكاڵای خۆی لەسەر ئەو خەرجییە زیادكراوانەی سەر بودجە و گۆڕانكارییەكانی لێژنەی دارایی كردوونی، بباتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی. بەپێی دەستووری عێراق، حکوومەت ناتوانێت لە دادگای فیدراڵی تانە لە یاسای بودجە بدات، تەنیا دوای ئەوە نەبێت، كە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە. بەپێی دەستووری عێراق، مافی تانەدان بە حکوومەت دراوە لەبەردەم دادگای فیدراڵی، بۆ هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو بڕگانەی، کە پەرلەمان بۆ یاسای بودجە زیادی کردوون. بەهای خەرجییە پێشنیارکراوەکان لە بودجەی نوێدا 198 ترلیۆن و 910 ملیار دینارە، کە دەکاتە 153 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. کۆی گشتیی داهاتی بودجە 134 ترلیۆن و 5 ملیار دینارە، کە دەکاتە 103.4 ملیار دۆلار، بە پشتبەستن بە نرخی بەرمیلێک نەوت، كە 70 دۆلاری بۆ داندراوە. سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیش دەگاتە 12.67%، كە بۆ ساڵێك زیاترە لە 16 ترلیۆن دینار.