ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسێكی ئێرانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی لەندەنی، زانیاریی لەبارەی ئەو قەرزانەی عێراق ئاشكرا كردووە كە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكاوە لەسەر ئێران دروست بووە، ئاماژەی بەوەش داوە كە بڕەكە دەگاتە 18 ملیار دۆلاری ئەمریكی. ڕۆژنامەكە لە زاری حەمید حسێنی ئەمینداری گشتیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێرانی عێراقی بڵاو كردووەتەوە كە دانوستاندن لە نێوان عێراق و ئەمریكادا بەردەوامە، بۆ ئەوەی مۆڵەتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە بۆ ئێران بێتە وەرگرتن. حسێنی ئاشكرای كردووە كە ساڵانە ئێران بایی 10 ملیار دۆلاری ئەمریكی شمەك بۆ عێراق دەنێرێت، هەروەها بایی نیو ملیار دۆلاریش شمەك بە ڕێگەی قاچاخەوە لە ئێران ئاودیوی عێراق دەكرێت. ئەوەشی راگەیاندووە كە ساڵانە ئێران بایی چوار ملیار دۆلار غاز بۆ عێراق دەنێرێت، هەروەها بایی 700 ملیۆن دۆلاریش تەزووی كارەبا بە عێراق دەفرۆشێت. ئەمینداری گشتیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێرانی عێراقی دەشڵێ ژمارەی جیاواز هەیە لەبارەی ئەو قەرزەی ئێران كە لەسەر عێراق ماوەتەوە، بەڵام مانگی ئاداری رابردوو بەرپرسێكی عێراقی بە ئەمریكای راگەیاندبوو كە بڕی 18 مليار دۆلاری ئێران قەرزارن و لایەنی ئێرانی پێویستی بەوەیە كە قەرزەكانی بۆ بگەڕێندرێتەوە.