ئەمشەوی سێشەممە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و وەزیری پێشووتری دارایی عێراق ڕەخنەی توندی لە بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گرت و رای گەیاند نەك هەر لە دارایی و ئابووری، بەڵكو زمانی عەرەبییش نازانن. زێباری لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی: “كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق، سەلماندی كە ژمارەیەک لە ئەندامانە قورمیشكراوەكانی لیژنەی دارایی، پێویستیان بەوەیە بچنە خولی فێربوونی زمانی عەرەبییەوە.” دەشڵێ : “ئەو ئەندامانەی لیژنەی دارایی بۆ خەڵكیان سەلماند كە سادەترین بنەماكانی ڕێزمانی عەرەبی نازانن، سەرباری ئەوەش، هیچ لەبارەی بنەما سەرەتاییەكانی دارایی و ئابوورییش نازانن و بڕیاریش لە چارەنووسی وڵات دەدەن.” زێباری هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە دیارە ئەو پەرلەمانتارانە لە گرووپەكانی (دمج) و (حواسم) و میلیشیا بێ دیسپلینەكانن. جێی باسە بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی پەسەندكردنی بودجەدا لە كاتی خوێندنەوەی پرۆژەیاساكاندا، تووشی گرفتی زۆر بوونەوە لە خوێندنەوەی تێكستەكان كە بە زمانی عەرەبیی دایكیان نووسرابوونەوە.