سوودانی، هۆشداری دەدات لەبارەی قۆناغی دوای ساڵی 2028

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە كۆبوونەوەیەكدا رای گەیاندووە جیهان خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەكەن لە دوای ساڵی 2028دا چیتر پێویستیان بە نەوت نەمێنێت، بۆیە عێراقیش دەبێ خۆی ئامادە بكات و چیتر تەنها پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە نەبەستێت. سوودانی لە میانی پێشوازیكردنی لە شاندێكی ئەنجوومەنی بازرگانانی عێراقی ئەمریكیدا گوتوویەتی ئیتر عێراق نابێ هەر پشت بە داهاتی نەوتەوە ببەستێت، بەتایبەتی كە ئێستا جیهان خەریكی دۆزینەوەی جێگرەوەی نەوتە تا ساڵی 2028. هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە عێراق وڵاتێكی لەبارە تا ببێتە ناوچەیەك بۆ ڕاكێشانی كەرتی تایبەت و كۆمپانیای بیانی، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێویستی بەوە نەبێت پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت. جێی باسە لە ساڵی 2015دا، ئابووریی عێراق بە ڕێژەی 95% پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، بەڵام لەم ساڵە بەدواوە، عێراق زیاتر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ و پێدەچێت ئێستا ڕێژەكە بۆ نزیكەی 99% بەرز بووبێتەوە و حكوومەتی ئەو وڵاتە جگە لە نەوت، هیچ داهاتێكی تری بۆ ناگەڕێتەوە.