باباجان و داودئۆغڵو لەناو پەرلەمان یەك دەگرن

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایار لە توركیا، پارتی دەوا و ئایندە و سەعادەت، بەنیازن لەناو پەرلەمانی توركیا فراکسیۆنێك پێك بهێنن و بە یەكەوە كار بكەن.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی توركیا، ئەگەر هەر پارتێكی سیاسی، یان زیاتر، توانیی 20 پەرلەمانتار كۆ بكاتەوە، دەتوانێت فراکسیۆنێك پێك بهێنێت.

پارتی دەوا، كە عەلی باباجان سەرۆكیەتی، توانیی 15 كورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، هەروەها ئایندە كە ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆكیەتی توانیی 10 كورسیی پەرلەمان ببات و پارتی سەعادەتیش، كە تەمەل كەرەمەلا، سەرۆكیەتی توانیی 10 كورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بەمەش كۆی گشتیی ڕێژەی كورسییەكانیان دەگاتە 35 كورسی.

وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئەو سێ پارتە ڕێك كەوتوون لەسەر ئەوەی ببنە یەك فراکسیۆن تا بتوانن كاریگەرییان لەناو پەرلەماندا هەبێت.

ئەگەرچی ئەوان، وەكوو پارت نەچوونەتە ناو پەرلەمانەوە، بەڵكوو لە پاڵ لیستی جەهەپە چوونەتە ناو هەڵبژاردن، بەڵام وەكوو فراکسیۆن دەتوانن بوونیان هەبێت و كاریگەر بن.

ئەگەر فراکسیۆنێك ڕابگەیەنن، ناتوانن لە هیچ لیژنەیەكی پەرلەمان ئەندامیان هەبێت، چونكە وەكوو پارت نەچوونەتە پەرلەمانەوە، هەروەها بودجەشیان بۆ نابڕێتەوە.