پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، کێشەی ئاو لە هەولێر هەیە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ چارەسەری ئەو گرفتە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی: ”کێشەی کەمئاویی هەولێر پەیوەندیی بە چەند هۆكارێکەوە هەیە، لەوانە وشکبوونی بیرەئاوەکان و کێشەی کارەبا بۆ بیرەکان و هەروەها زیاد بەكارهێنانی ئاو لەلایەن هاووڵاتییانەوە. “ گوتیشی، كە سەرۆکی حکوومەت هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی پیشان داوە بە خەرجکردنی 24 ملیار دینار بۆ چارەسەری کێشەی ئاو لە هەولێر، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییان پشتیوان نەبن، ئاوا ناتوانن چارەسەری بکەن. گوتیشی: ”ئێستا وا پڕۆژەیاسایەک بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەریان دادەڕێژرێت.“