میلیشیاكانی عەصائبی خەزعەلی، دەست بەسەر ناوچەی سەوزدا دەگرن و عەشیرەتەكەی سەرۆك وەزیران بەهاناوە دەچن!

سیاسەتمەدارێكی ناسراوی عێراقی، لە بەرنامەیەكی گفتوگۆئامێزی كەناڵێكی عێراقیدا، زانیارییەكی مەترسیداری لەبارەی ئاڵۆزییەكانی چەندن رۆژی رابردووی ناوچەی سەوزی بەغدا، ئاشكرا كرد. ئەحمەد ئەلئەبیەز، سیاسەتمەداری ناسراوی عێراقی لە دیمانەیەكی بەرنامەی (كلام)ی كەناڵی (وەن نیوز)ی عێراقی، رایگەیاند: ”چەند رۆژێك لەمەوبەر، میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەر بە قەیس خەزعەلی، بە هێزێكی چەكداری زۆرەوە دەستیان بەسەر ناوچەی سەوزی شاری بەغدای پایتەختی عێراقی فیدراڵدا گرتووە و هێزەكانی فەوجی پاراستنی سەرۆكایەتیی وەزیرانیان لەو ناوچەیە دەركردووە، بەڵام سەیر ئەوەیە، حكوومەت هیچی پێ نەكراوە، بەڵكوو دواتر هێزێكی چەكداری سەر بە عەشیرەتی محەمەد شیاع سوودانیی سەرۆك وەزیران، فریا كەوتوون و عەشیرەتی سوودانی بە پێكهاتنی عەشایەری داوایان لە هێزەكانی خەزعەلی، كردووە بڕۆنە دەرەوە.“ ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە، لەو بەرنامەیەدا بە پێكەنینەوە پرسی: ”ئایا دەوڵەت و حوكمڕانی ئاوها بەڕێوە دەچێت؟“