ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق نایەوێت ئاوارەكانی ناوخۆی وڵاتەكە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونكە ئەجێندای دەرەكیی ڕێگە نادات. پەرلەمانتار شەریف سلێمان سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا دانی بەوە دانا كە ئەجێندای دەرەكی و سیاسیی هەن، ڕێگە نادەن بە حكوومەتی فیدراڵی كار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی رەسەنی خۆیان بكات. ئەم لێدوانەی سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە هات كە بەر لە چەند رۆژێك عەبدولەتیف رەشید سەركۆماری عێراق رای گەیاندبوو هێشتا 600 هەزار ئاوارەی ناوخۆ لە عێراقدا هەن و تا ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵكو دۆخی گوزەرانیان زۆر خراپە.