بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، شارە پیشەسازییە نوێیەکەی زاخۆ پێنج هەتا حەوت هەزار و 500 هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی زاخۆیی دەڕەخسێنێت و بەشێکی زۆری هاووڵاتییان دەبنە خاوەنی کار. جگەرخوین تەھا، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بڕیار درا شارێکی پیشەسازی بۆ زاخۆ دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ ئەوەی شوێنێک دەستنیشان بکەن، ئێستا شوێنێک کە 17 کیلۆمەتر لە زاخۆوە دوورە دیاری کراوە و دوای هەموو لێکۆڵینەوە پێویستەکان، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیار درا ئەو شوێنە ئامادە بکرێت، نەخشەی شاری پیشەسازی ئامادە کرا و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانان و ئاوەدانییەوە پەسند کرا و لە دوو مانگی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکرێت.” ئاشکرایشی کرد: نزیکەی 20 وەبەرهێنەر پرۆژەی خۆیان پێشکەش کردووە، لەوانە چوار پرۆژە پەسند کراون و بەشێکیش لەبەردەستدان بۆ پەسندکردن. ئەو ناوچەی پیشەسازییە پێک هاتووە لە 108 کارگە و 160 کۆگای جۆراجۆر و 24 پێشانگای گەورەی ئۆتۆمبێل و 60 شوێن بۆ خاوەنپیشەکان و بۆ ئەو کەسانەش کە لە بواری ئۆتۆمبێلی گەورەدا کار دەکەن ڕووبەرێکی بەرفرەوان بۆ قەپان دیاری کراوە.