لە ماوەی یەك هەفتەدا لە عێراق چەندین گرووپی تاوانكاری ئاشكرا دەبن

دەزگای هەواڵگریی عێراق ئاشكرای دەكات، لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا سەدان بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر و گرووپی چەكفرۆشی و قاچاغچیی نەوت دەستگیر كراون. لە ڕاگەیەندراوێكی دەزگای هەواڵگریی عێراقدا هاتووە: “لە ئەنجامی ئەركەكانی دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی و لقەكانی، 83 تیرۆرییست گیران و  22 كیلۆ مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەر گیرا و 315 بازرگان و بەكارهێنەری مادە هۆشبەرەكان لە بەغدا و پارێزگاكان دەستگیر كراون.” ئاماژە بەوەش كراوە: لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 102 چەكی جۆراوجۆری بێمۆڵەتدا گیراوە و چەندین گرووپی چەكفرۆشی نایاساییش گیراون، هەروەها شەش دەرمانخانەی بێمۆڵەت داخراون و 19 تاقیگەی ساختەكاریی پیشەسازی ئاشكرا كراون. دەزگاكە ئاشكرایشی كردووە، هەر لەو هەفتەیەدا 119 كەسی بیانی دەستگیر كراون كە بە قاچاغ هاتبوونە عێراق. ئاشكرایشی كردووە: شەش شوێنی قاچاغی نەوت و 21 ئۆتۆمبێل و 28 قاچاغچیی نەوتیش گیراون.