ڕاپۆرتێكی نوێی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتان و كۆمپانیاكانی بازرگانی گۆڕانكاری قوڵ لە سیاسەت و بازاڕەكاندا بكەن بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای هەنووكەیی، ئەگەری هەیە تا ساڵی 2040 پیسبوونی ژینگە بە پلاستیك بە ڕێژەی 80% كەم ببێتەوە. رێكخراوەكە لە ڕاپۆرتەكەیاندا قەبارە و سروشتی گۆڕانكارییەكانی پێویست بۆ كۆتاییهێنان بە پیسبوونی ژینگە بە پلاستیك و گەیشتن بە ئابوورییەكی بازنەیی دیاری دەكات. ڕاپۆرتەكە بەناوی (وەستاندنی پیسبوون، چۆن جیهان دەتوانێت كۆتایی بە پیسبوونی پلاستیك بهێنێت و ئابوورییەكی بازنەیی بەدەستبهێنێت)، تیشك دەخاتە سەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پیسبوونی ژینگە بە پلاستیك، پراكتیزە كۆنكرێتییەكان دەخاتە ڕوو و گۆڕانكارییەكانی بازاڕ و سیاسەتەكان دەخاتە ڕوو. بهپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ژمارەیەك خاڵ دیاركراون بەمەبەستی كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیك لە ئاستی جیهانیدا بەڕێژەی 80% تا ساڵی 2040، ڕاپۆرتەكە پێشنیاری نەهێشتنی پلاستیكە كێشەدار و نا پێویستەكان دەكات بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی كێشەكە، بەم شێوەیە ڕاپۆرتەكە داوای سێ گۆڕانكاری لە بازاڕدا دەكات: یەکەم: دووبارە بەكارهێنانەوە، پێشخستنی بژاردەكانی دووبارە بەكارهێنانەوە، لەوانەش شووشەی پڕكراوە. دووەم: ریسایکلین، دەتوانرێت تا ساڵی 2040 پیسبوونی ژینگە پلاستیك بە ڕێژەی 20%ی زیادە كەم بكرێتەوە ئەگەر ریسایکلینکردن ببێتە كارێكی جێگیرتر و قازانجدارتر. سێیەم: ئاڕاستەكردنەوە و هەمەچەشنكردن، گۆڕینی وردی بەرهەمەكانی وەكوو پێچانی پلاستیك، كیسە و بەرهەمە تەواوەكان بە بەرهەمەكانی دروستكراو لە مادەی بەدیل (وەك كاغەز یان مادەی كۆمپۆستكراو) دەتوانێت ببێتە هۆی كەمبوونەوەی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیك بە ڕێژەی 17%ی زیادە.